خۆپیشاندانی به‌سره‌ گرژی تێكه‌وت و ئه‌نجوومه‌نی پارێزگا سووتێنرا

هێزه‌ ئه‌منییه‌كان و خۆپیشانده‌ران ته‌قه‌ له‌ یه‌كتر ده‌كه‌ن

K24 - هه‌ولێر:

خۆپیشاندانی ئه‌مڕۆی هاووڵاتییانی پارێزگای به‌سره‌، گرژی تێكه‌وت و باڵه‌خانه‌ی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاش سووتێنرا و خۆپیشانده‌رانیش له‌سه‌ر باڵه‌خانه‌كه‌ن و ئاڵای عێراقیان به‌رزكردووه‌ته‌وه‌.

په‌یامنێری كوردستان 24 له‌ به‌سره‌ رایگه‌یاند، تادێت خۆپیشاندانه‌كه‌ فراوانتر ده‌بێت و خه‌ریكه‌ دۆخه‌كه‌ له‌ كۆنتڕۆڵ ده‌رده‌چێت، هاوكات خۆپیشانده‌ران و هێزه‌ ئه‌منییه‌كانیش ته‌قه‌ له‌ یه‌كتر ده‌كه‌ن.

ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، هێزه‌ ئه‌منییه‌كان ره‌تیانكردووه‌ته‌وه‌ قه‌ده‌غةی هاتووچۆ هه‌ڵبگرن و ده‌یانه‌وێت بڕیاره‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق جێبه‌جێ بكه‌ن، به‌ڵام خۆپیشانده‌ران رژاونه‌ته‌ سه‌ر شه‌قام و گوێ به‌ هیچ بڕیارێك ناده‌ن.

به‌هۆی كه‌می خزمه‌تگوزاری و نه‌بوونی ئاوی خواردنه‌وه‌، خۆپیشاندانه‌كانی به‌سره‌ به‌رده‌وامه‌ و له‌ ماوه‌ی دوو رۆژی رابردووشدا،  9 خۆپیشانده‌ر كوژراون و نزیكه‌ی 42ی دیكه‌ش به‌ گوللـه‌ی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان برینداربوونه‌.

ا. م