دوو خۆپیشاندەری دیكە لە بەسرە كوژران

ھێزە ئەمنییەكان لە بەسرە دەستكراوە كران

K24 - ھەولێر

لە ئەنجامی ئاڵۆزییەكانی رۆژی ھەینی، دوو خۆپیشاندەری دیكە لە بەسرە كوژران و 45 ی دیكەشیان بریندار بوون.

بە گوێرەی زانیارییەكانی پەیامنێری كوردستان24، بەھۆی ئاڵۆزییەكان و رووبەڕووبوونەوەی ھێزە ئەمنییەكان، دوێنێ ھەینی لە بەسرە دوو خۆپیشاندەر كوژراون و 45 ی دیكە بریندار بوون كە دوو لە برینداران ئەنجامی ھێزە ئەمنییەكانن.

شڤان جەباری، نێردراوی كوردستان24 بۆ بەسرە راشیگەیاند: "دوای ئەوەی ھێزە ئەمنییەكان لە بەسرە دەستكراوە كران، تا بەرەبەیانی ئەمڕۆ بەنێو شەقامەكانی شارەكەدا دەگەڕان و ھەر خۆپیشاندەرێكیان بینیبێت، تەقەیان لێكردووە".

 ئاماژەی بەوەشكرد: "ھۆزەكان بڕیاریانداوە، بە درووشمی "خۆپیشاندەران رووبەڕووی ھێزە ئەمنییەكان دەبنەوە"، خۆپیشاندان لە شارەكە درێژە پێبدەن".

بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتی کۆمیسیۆنی باڵای مافەکانی مرۆڤ لە عێراق "لە خۆپیشاندانەکانی 4/9/2018 بەھۆی تەقەی ھێزە ئەمنییەكان 6 خۆپێشاندەر گیانیان لەدەستدا و 67 كەسی دیكەش برینداربوون. رۆژی دواتریش دوو خۆپیشاندەر کوژران و 25 دیکەش برینداربوون.

ھ.م