خانمێكی هه‌ڵه‌بجه‌یی ماڵه‌كه‌ی كردووه‌ به‌ باخ و پێویستییه‌كانی خۆی دابینكردووه‌

خه‌ڵاتی تایبه‌تی پێدراوه‌

K24 - هه‌ڵه‌بجه‌:

خانمێك لە پارێزگای ھەڵەبجە بەھۆی زۆری دار و درەخت و گوڵی جۆراوجۆر لە حەوشەی ماڵەکەیدا، لەنیو ماڵەکانی پارێزگای ھەڵەبجە خەڵاتی یەکەمیان پێداوە.

بەوتەی ئەم خانمە بەجۆرێك داری میوەکان لەماڵەکەیدا زۆرە، کاتێك وەرزی پێگەشتنی میوەکان دێت، ئیتر پێویست ناکات ھیچ میوەیەك لەبازاڕ بکرن.

کاتێك سەیری ماڵەکەی دەکەی، به‌ روونی ده‌رده‌كه‌وێت بە چ خۆشەویستیەکەوە ئەم باخچە جوانە دروست کراوە.

رووخۆش، خانمێکی پارێزگای ھەڵەبجەیە و نزیکەی 22 ساڵە حەوشەی ماڵەکەی کردووە بەجۆرەھا میوە و گوڵ، بەگوتەی رووخۆش یەکەمجار لەگەڵ ھاوسەرەکەی بەڵێنیان بەیەکدا کە باخچەکەیان دروست بکەن و بە جۆرە جیاوازەکانی گوڵ بیڕازینەوە، بەڵام ھاوسەرەکەی کۆچی دوايی دەکات و ئەرکی بەڕێوبەردنی باخچەکە دەکەوێتە سەر شانی رووخۆش، ئەویش بەڵین دەدا تا لەژیان بێت نه‌هێڵێت ھیچ کام لەگوڵ و درەختەکانی باخچەکە ی لەناو بچن.

باخچەی ماڵەکەی رووخۆش میوەی ھەمەجۆری لێیە وەک پرتەقاڵ، لالەنگی، سندی، لیمۆ، هەنگی دونیا، ھەنجیرو ترێ و چەندین جۆری میوەی ھەمەچەشن، جگە لە میوەکان چەندین جۆری گوڵی لێیە کە بەوتەی رووخۆش زیاد لە چل گوڵی جۆروجۆرن.

Fly Erbil Advertisment