ئەمەریکا بژاردەی سەربازیی لە سووریا تاوتوێدەکات

"بە سەرۆکمان گوتووە چۆن دەتوانین هێرشبکەینە سەر سووریا"

K24 – هه‌ولێر:

سوپاسالاری ئەمەریکا ئەگەری هێرشکردنە سەر سووریا لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، تاوتوێدەکات.

وەک ئەوەی لە هەواڵێکی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز هاتووە، جۆزێف دونفۆرد، سوپاسالاری سوپای ئەمەریکا رایگەیاندووە، تاکو ئێستا بۆ وەڵامدانەوەی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی، هیچ بڕیارێک بۆ ناردنی سوپای ئەمەریکا بۆ سووریا نەدراوە.

بەڵام سوپاسالار دەڵێت: "ئێمە لە گفتوگۆداین، گفتوگۆیەکی رۆتینی لەگەڵ سەرۆک تاکو دڵنیابین کە ئەو دەزانێت ئێمە دەتوانین چیبکەین کاتێک چەکی کیمیایی لە سووریا بەکاردێت".

 جۆزێف دونفۆرد دەشڵێت: "ئەو (سەرۆکی ئەمەریکا) چاوەڕوانی ئەوەی لە ئێمە هەیە کە بژاردەی سەربازیمان هەبێت و زانیاری نوێشی پێبدەین لە کاتی گەشەسەندنی ئەو بژاردانە".

دوێنێ هەینی، هەرسێ سەرۆکانی رووسیا، ئێران و تورکیا لە تاران لەبارەی ئەگەر هێرشکردنە سەر شاری ئیدلب کۆبوونەوە، رووسیا پێداگری لەسەر "وەدەرنانی تیرۆرستان" لە ئیدلب کردو و تورکیاش بژاردەی سەربازی رەتکردەوە.

ئەمەریکا و هەندێک لە وڵاتانی ئەوروپا، هەڕەشەی هێرشکردنە سەر سووریایان کردووە ئەگەربێتو لە جەنگی ئیدلبدا چەکی کۆمەڵکوژ بەکاربهێندرێت، رووسیا و سووریاش ئەوە تەنها بە بەهانەی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی دەزانن تاکو هێرشبکەنە سەر سووریا.

H.J