رووسیا و سووریا ئیدلب بۆردومان دەکەن
دوای کۆبوونەوەی سێ وڵات دێت بۆ راگەیاندنی ئاگربەست
K24 – ههولێر:
فڕۆکە جەنگییەکانی رووسیا و سووریا بەچڕی بۆردومانی شاری ئیدلیبیان کرد، ئەمەش دوای ئەوەی کۆبوونەوەی نێوان رووسیا، ئێران و تورکیا لە تاران بۆ گەشتن بە ئاگربەست لە سووریا شکستی هێنا.
بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز، فڕۆکە جەنگییەکانی رووسیا و سووریا دەیان هێرشیان کردۆتە سەر باشووری شاری ئیدلب لە سووریا.
جیا لەو هێرشانە، سوپای سووریا لەرێگای هێلیکۆپتەر، چەندین بەرمیلی پڕ بۆمبی بەسەر چەند ناوچەیەکی مەدەنی نشیندا باراندووە و بەهۆیەوە چەند هاووڵاتییەک گیانیان لەدەستداوە.
دوێنێ هەینی، رووسیا، تورکیا و ئێران لە تارانی پایتەختی ئێران بۆ پرسی هێرشکردنە سەر شاری ئیدلب کۆبوونەوە، بەڵام ئەو سێ وڵاتە نەگەشتنە رێککەوتن.
ئیدلب وەک دواین ناوچەی هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی سووریا بۆتە خاڵێکی مەترسیداری ململانێی نێودەوڵەتی و لە ئەگەری هێرشکردنە سەری، رەنگە ئەمەریکا و هاوپەیمانانی هێرشبکەنە سەر سووریا.
H.J