توركیا هێزی زیاتر ره‌وانه‌ی سنوور ده‌كات
له به‌هێزكردنی پێگه سنوورییه‌كانی به‌رده‌وامه
K24 - هه‌ولێر:
له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ی ده‌ستپێكردنی ئۆپه‌راسیۆنی كۆنتڕۆڵكردنی ئیدلب، توركیا له ویلایه‌تی "كلیس" هێزی زیاتر ره‌وانه سه‌ر سنووره‌كانی ده‌كات له‌گه‌ڵ سووریا (نێوان باكوور و رۆژئاوای كوردستان).
به گوێره‌ی ئاژانسی هه‌واڵی ئه‌نادۆل، ره‌وانه‌كردنی كاروانه سه‌ربازییه‌كان بۆ به‌هێزتركردنی پێگه سهربازییهكانییهتی كه له ناوچه سنوورییه‌كان جێگیری كردووه.
ماوه‌یه‌كه هه‌ریه‌ك له وڵاتانی رووسیا، ئێران و سووریا، سه‌رقاڵی ئاماده‌كارین بۆ كۆنتڕۆڵكردنه‌وه‌ی ئیدلب، كه دوایین پێگه‌كانی چه‌كدارانی ئۆپۆزیسیۆنه له سووریا، هه‌رچه‌نده ئه‌و هه‌وڵانه بووه‌ته جێگه‌ی نیگه‌رانی ئه‌مه‌ریكا و توركیا، به‌ڵام هه‌ر سێ وڵات سوورن له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی ئۆپه‌راسیۆنه‌كه.
پێشتریش له لووتكه‌ی نێوان توركیا، ئێران و رووسیا له تاران، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان داوای كرد ئۆپه‌راسیۆنه‌كه ئه‌نجام نه‌درێت، به‌ڵام داواكه‌ی به ناڕاسته‌وخۆ ره‌تكرایه‌وه و سه‌رۆكانی هه‌رسێ وڵات نه‌گه‌یشتنه رێككه‌وتن.
وه‌زاره‌تی به‌رگری رووسیاش رایگه‌یاندووه، گرووپه چه‌كداره "نایاساییه‌كان" له ئیدلب، له پێشێلكردنی ئاگربه‌ست به‌رده‌وامن، كه پێشتر به گوێره‌ی رێككه‌وتنی نێوان رووسیا، توركیا و ئێران راگه‌یه‌ندراوه.
ا. م