باڵیۆزخانەی ئەمەریکا هۆشداری دەداتە هاووڵاتیانی لە عێراق
"ئاگاداری دەوروبەرتان ببن"
K24 – ههولێر:
باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە عێراق لەبارەی خۆپیشاندانەکانی بەسرە و رەوشی ئاسایشی عێراق هۆشداری دەداتە هاووڵاتیانی کە سەردانی عێراق نەکەن.
لە راگەیندراوێکدا، باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە بەغدا رایگەیاندووە: "هەندێک لە خۆپیشاندانەکانی بەسرە توندوتیژییان بەخۆیانەوە بینیوە کە بووەتە هۆی کوژران و برینداربوونی خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنییەکان".
باڵیۆزخانە نوسیوویەتی: "کارمەندانی حکوومەتی ئەمەریکا خۆیان بە دووربگرن لەو شوێنانەی کە خۆپیشاندانیان تێدایە لە بەسرە، بە سەنتەری بازرگانی شارەکەشەوە".
هەروەها باڵیۆزخانەی ئەمەریکا بەهۆی هاتنی مانگی موحەڕەم و نزیکبوونەوەی ریوڕەسمی عاشوورا، هەندێک لە چالاکییەکانی بەهۆی داخستنی رێگاکان و قەرەباڵخی زۆر رادەگرێت.
جیا لەمانەش ئەمەریکا داوا دەکات هاووڵاتیانی گەشت بۆ عێراق نەکەن و ئەوانەشی لە عێراقن، خۆیان لە جەنجاڵی شەقامەکان بە دووربگرن و وریای دەوروبەریان ببن.
H.J