نھێنی كوشتنی وەزیرێك لەلایەن سەدام ئاشكرا دەكرێت

سەدام وەزیرێك و 13 كەسی دیكەی پێكەوە كوشتووە

K24 - ھەولێر

لیوا خالید نزار، وەزیری پێشووی بەرگری جەزائیر لە بەشێكی یاداشتەكانی كە بەمزووانە بڵاودەبێتەوە ئاماژە بەوەدەكات، كە سەدام حوسێن، سەرۆكی پێشووتری عێراق، 36 ساڵ لەمەوبەر و لە 3  ئایاری 1982 لەرێگەی تەقاندنەوەی فڕۆكە تایبەتییەكەیەوە محەمەد سەدیق بن یەحیا، وەزیری پێشووی دەرەوەی جەزائیر و 13 كەسی دیكەی ئەو وڵاتەكەی كوشتووە.

ئەمە لە كاتێكدا بووە كە شاندەكەی جەزائیر لە ھەوڵی وەستاندنی شەڕ بووە لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەت شەڕی نێوان عێراق و ئێران.

ئاماژە بەوەشدەكات، كە سەرۆكی پێشووی جەزائیر رووداوەكەی لە بەرژەوەندی سەدام حوسێن شاردووەتەوە.

لیوا خالید، رووداوی كوشتنی وەزیری پێشووی دەرەوەی وڵاتەكەی و 8 لە كارمەندانی وەزارەتەكە و 4 لە ئەندامانی ستافی فڕۆكەكە لەلایەن سەدام حوسێن بە گەورەترین تاوان وەسف دەكات.

میدیاكانی جەزائیر ئاماژە بەوەدەكەن، كە سەدام حوسیێن رۆڵی سەرەكی لە كوشتنی بن یەحیا ھەبووە، باس لەوەش دەكرێت ئەو مووشەكەی بۆ تەقاندنەوەی فڕۆكەی وەزیری پێشووی دەرەوەی جەزائیر بەكارھاتووە درووستكراوی رووسیا بووە.

ھ.م