لە بەسرە بەهۆی دزەکردنی گازی ئەمۆنیا دەیان کەس تووشی تەنگەنەفەسی بوون
ئەمڕۆ دووشەممە، 14ـی ئەیلوولی 2026، وەزارەتی تەندروستیی عێراق رایگەیاند، بەهۆی دزەکردنی گازی ئەمۆنیا لە کارگەیەکی بەرهەمهێنانی پەین لە بەسرە، 114 کەس تووشی تەنگەنەفەسی بوون و دوو کەسیش گیانیان لەدەستداوە.
سەیف بەدر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، ، سەرجەم تووشبووان فریاگوزاری و خزمەتگوزارییە پزیشکییەکانیان پێشکەش کراوە، وەزارەتی تەندروستی زیاتر لە 50 ئەمبوڵانسی بۆ شوێنی رووداوەکە رەوانەکردووە.
سەیف بەدر روونیکردەوە، بارودۆخی زۆربەی ئەوانەی تووشی تەنگەنەفەسی بوون دۆخی تەندروستیان سەقامگیرە و ئێستا تەنیا 21 کەسیان لە نەخۆشخانەکان ماونەتەوە، ژمارەکەشیان بەمشێوەیە: 12 کەس لە نەخۆشخانەی زوبێر، دوو کەس لە نەخۆشخانەی سەیاب و حەوت کەسیش لە نەخۆشخانەی کوەیتی.
ئەم رووداوە لەکاتێکدایە، ئێوارەی دوێنی یەکشەممە سەرچاوەیەکی ئەمنی راگەیاند، بەهۆی دزەکردنی گازی ئەمۆنیا لە کارگەی پەینی باشوور لە ناوچەی خوڕ زوبێر، ژمارەیەک هاووڵاتی تووشی تەنگەنەفەسی بوون.