مەریوان.. کۆمەڵەی هونەرە جوانەکانی چەمچەماڵ پێشانگەیەکی شێوەکاری دەکاتەوە

کۆمەڵەی هونەرە جوانەکانی چەمچەماڵ، پێشانگەیەکی شێوەکاری لەژێر ناونیشانی "رەنگ لە ئامێزی سروشت دا"، بۆ نۆ خانمە شێوەکاری کورد، لە مەریوانی رۆژهەڵاتی کوردستان، لە دەریاچەی زرێبار دەکاتەوە.

دووشەممە، 14ی ئەیلوولی 2026، هەرێم عەبدوڵڵا، بەرپرسی  بەشی راگەیاندنی کۆمەڵەی هونەرە جوانەکانی چەمچەماڵ بە کوردستان24ی راگەیاند، "ئەو ​پێشانگە شێوەکارییە، لە کەشوهەوایەکی هونەریدا و لە سێبەری دەریاچەی زرێباری شاری مەریوان بەڕێوەدەچێت. ئەم دەستپێشخەرییە وەک یەکەم هەنگاوی مەیدانیی کۆمەڵەی هونەرە جوانەکانی چەمچەماڵ دادەنرێت بۆ نیشاندانی تابلۆ و بەرهەمی خانمانی شێوەکار لە ئاستی رۆژهەڵاتی کوردستاندا."

هەرێم عەبدوڵڵا ​سەبارەت بە ئامانج و پەیدابوونی ئەم بیرۆکەیە گوتی، "کۆمەڵەی هونەرە جوانەکانی چەمچەماڵ مێژوویەکی دەوڵەمەندی لە چاونەترسی و دەستپێشخەریی کارە گەورە هونەرییەکاندا هەیە. ئێمە هەمیشە و لە رابردووشدا سەلماندوومانە کاتێک دەست بۆ کارێکی هونەری دەبەین، بە ورە و چاونەترسییەوە ئەنجامی دەدەین و تێیدا سەرکەوتوو دەبین. ئەم پێشانگەیەش درێژەپێدەری هەمان ناو و مێژووە، کە تێیدا بۆ یەکەمجار گروپێک لە خانمە شێوەکارەکانی چەمچەماڵ بە بەرهەمەکانیان بەشداریی لە دەرەوەی شارەکەی خۆیان دەکەن."

​بەرپرسی راگەیاندنی کۆمەڵەکە جەختی لەوەش کردەوە، "ناونیشان و رەهەندەکانی ئەم چالاکییە چەند لایەنێک لەخۆدەگرێت وەکو، دروستکردنی پەیوەندی و دیالۆگی هونەریی راستەوخۆ لە نێوان هونەرمەندانی باشوور و رۆژهەڵاتی کوردستان. رەخساندنی دەروازەیەک بۆ گەیاندنی دەنگ و توانستە هونەرییەکانی گەنجانی چەمچەماڵ و باشووری کوردستان بە رۆژهەڵات و ئاستی جیهانی. دروستکردنی هاوکاریی کۆمەڵەیی لەگەڵ بنکە و دامەزراوە رۆشنبیرییەکانی پارچەکانی دیکەی کوردستان."

هەرێم عەبدوڵڵا باس لە دڵخۆشی خۆیان بە کردنەوەی ئەو پێشانگەیە دەکات و دەڵێت، "​ئێمە زۆر دڵخۆشین کە توانیمان پەیوەندییەکی بنەڕەتی و بەهێز لەگەڵ رۆژهەڵات دابمەزرێنین. لە زۆربەی فێستیڤاڵ و کۆڕە هونەرییەکانی سنوورەکەدا ئامادەییمان هەبووە و چالاکانە بەشداریمان کردووە. کردنەوەی ئەم پێشانگەیەش دەستپێکێک دەبێت بۆ ئەوەی لە مەریوانەوە پەیوەندییە هونەرییەکانمان زیاتر برەو پێ بدەین و لە رێگەی میدیاکانیشەوە دەنگی سەرکەوتنی چالاکییەکان بە هاووڵاتییان و دۆستانی هونەر بگەیەنین."

خانمە هونەرمەندانی بەشداربووی پێشانگەکە پێکهاتوون لە، عایشە حەسەن، شەوبۆ عەبدوڵڵا، ئاڤێستا یونس، لاڤین عەبدولخالق، ڤالین فاتح، زەینەب محەمەد، گوڵاڵە ئەسعەد، دەروون فەتاح، بەهار ئیبراهیم.

پێشانگەی شێوەکاری "رەنگ لە ئامێزی سروشت دا"، بەبەشداری نۆ خانمە شێوەکاری کورد، بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە، 14ی ئەیلوولی 2026، لە مەریوانی رۆژهەڵاتی کوردستان، لە دەریاچەی زرێبار بەڕێوەدەچێت و ماوەی دوو رۆژ بەردەوام دەبێت.