واشنتن دەیەوێت چین لە رووسیا بکات

سزای نوێی بەسەر چیندا سەپاند

K24- هه‌ولێر:

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا سزای بەسەر سوپای وڵاتی چیندا بەهۆی کڕینی فڕۆکە و مووشەکی رووسییەوە سەپاند.

بەگوێرەی هەواڵێکی بی بی سی، ئەمەریکا پێیوایە کڕینی ئەو بەرهەمانەی جەنگ لەلایەن چینەوە، پێچەوانەی رێنمایەکانی ئەو سزایانەیە کە ئەمەریکا بەسەر رووسیادا سەپاندوویەتی.

لە ساڵی 2014، بەهۆی دەستێوەردان لە کاروباری ناوخۆ و جیا کردنەوەی هەرێمی کریمیا لە ئۆکرانیا، ئەمەریکا و هاوپەیمانانی چەند سزاییەکەیان بەسەر مۆسکۆدا سەپاند، بەڵام چین پابەند نەبووە بەو سزایانەوە.

ئەمەریکا ئەمجارە سزای بەسەر بەشی پەرەدانی چەکو تەقەمەنی چین(ئی دی دی) کە ئۆرگانێکی سوپای چینە بەهۆی کڕینی 10 فڕۆکەی جەنگی و  کەرەستەی جیاوازی سەربازی سەپاندووە، بەمەش تەواوی بەرهەمەکانی ئەو ئۆرگانە لە ئەمەریکا سڕ دەکرێت و رێگا نادرێت لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا کارەکانی بکات.

جیا لە ئی دی دی، واشنتن بەهۆی مامەڵەی سەربازیی لەگەڵ رووسیا،  سزای بەسەر 33 یەکە و کەسایەتیدا سەپاندووە.

لەوەڵامی سەپاندنی ئەو سزایانە، رووسیا رایگەیاند، ئەو هەوڵەی ئەمەریکا هیچ کاریگەرییەکی لەسەر هەناردەکردنی کەلوپەلی سەربازی وڵاتەکەی بۆ دەرەوە نابێت.

پێشتریش دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، هەڕەشەی ئەوەی کردبوو، بە بڕی 200 ملیار دۆلار باج دەخاتە سەر کەلوپەلی هاوردەکراوی چین بۆ ئەمەریکا، ئەگەر چین پابەند نەبێت بە یاساکانی باجی ئەمەریکا.

H.J