کیم داوای دیدارێکی دیکە لە ترەمپ دەکات
بۆ خێراکردنی پرۆسەی داماڵینی چەکی ئەتۆمییە
K24- ههولێر:
موون جای ئین، سەرۆکی کۆریای باشوور، رایگەیاند کیم جۆنگ ئونگ، سەرۆکی کۆریای باکوور، بۆ خێراکردنی پرۆسەی داماڵینی چەکی ئەتۆمی، دەیەوێت جارێکی دیکە لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، کۆببێتەوە.
بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی رۆیتەرز، سەرۆکانی کۆریای باکوور و باشوور، لە میانی دیدارەکەی هەفتەی رابردوویاندا، سێ رۆژ باسیان لە داماڵینی چاکی ئەتۆمی و کۆتای هێنان بە پاشماوەی جەنگی ناوخۆی کۆریا کردووە.
سەرۆکی کۆریای باشوور لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسیدا و لە دوای دیداری لەگەڵ کیم، رایگەیاند: "سەرۆک کیم ئارەزووی خۆی بۆ تەواوکردنی پرۆسەی داماڵینی چەکی ئەتۆمی و پەرەدان بە ئابووری وڵاتەکەی دەربڕیووە".
موون جای ئین راشیگەیاند: "ئەو هیواخوازە لە ئایندەیەکی نزیکدا لەگەڵ سەرۆک ترەمپ دیدارێکی دیکە ئەنجامبدات تاکو بتواندرێت پرۆسەی داماڵینی چەکی ئەتۆمی خێراتر بکرێت".
لە 12ی حوزەیرانی ئەمساڵدا، لە هۆتێل کاپێلا لە دوورگەی سانتۆسای باشووری سهنگاپووره، هەردوو سەرۆکانی ئەمەریکا و کۆریای باکوور کۆبوونەوە و رێککەوتننامەیەکییان سەبارەت بە داماڵێنی چەکی ئەتۆمی کۆریای باکوور واژۆ کرد، لەو کاتەشەوە، هەردوو کۆریای باشوور و باکوور کاریان بۆ بەدیهێنانی ئاشتەوایی سیاسی و کۆمەڵایەتی کردووە، تادێتیش ئەو دوو درواسێیە زیاتر برینی جەنگی ناوخۆ و لێکدابڕانیان ساڕێژ دەکەن.
H.J