باندێکی حزبوڵڵا لە بەرازیل دەستگیر دەکرێن
"پارەیان بۆ رێکخراوی حزبوڵلا کۆکردۆتەوە"
K24 – ههولێر:
پۆلیسی بەڕازیل باندێکی لوبنانی دەستگیردەکەن کە پارەی بۆ رێکخراوی حزبوڵڵا لە ئەمەریکای باشوور کۆکردۆتەوە.
بەگوێرەی هەواڵێکی سایتی ئەلمۆنیتەر، ئەسەد ئەحمەد بەرەکاتی تەمەن 51 ساڵ و چەند هاوڕێیەکی لە وڵاتی بەڕازیل بە تاوانی هەڵگرتنی پێناسی ساختە و یارمەتی رێکخراوی حزبوڵڵا کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە گروپێکی تیرۆرستی دەزانێت دەستگیرکراوە.
پۆلیسی بەڕازیل لە دوای دەستگیرکردنی ئەوەشی ئاشکراکردووە: "ئەسەد ئەحمەد لە گازینۆیەکی شاری ئیگوازوی ئەرەجەنتین بە بەهای 10 ملیۆن دۆلار پارەی سپی کردۆتەوە، پارەکەش بۆ رێکخراوی حزبوڵابووە و تاوانبارەکە بۆ حکوومەتی ئاشکرا نەکردووە".
پۆلیسی لە ئێستادا دەستی بەسەر ئەو بڕە پارەیەدا گرتووە و ئەسەد و باندەکەی دەستگیرکردووە.
ئەو هاووڵاتییەی لوبنان، بەهۆی نەدانی باج، شەش ساڵ لە وڵاتی پاراگوای لە زینداندابووە و لە ساڵی 2008 ئازادکراوە.
پێشتر، ئەمەریکا بەرەکات و گروپەکەی خستبووە لیستی چاودێرییەوە و داوای دەستگیرکردنیانی کردبوو.
حزبوڵڵا گروپێکی میلیشیای شیعییە لە وڵاتی لوبنان، لە لایەن وڵاتانی ئەمەریکا، کەنەدا، ئیسرائیل و ئەنجوومەنی عەرەبی بە گروپێکی تیرۆرستی ناسراوە.
H.J