به ڤیدیۆ.. له‌به‌ر ئه‌م هۆیه باڵیۆزی عێراق له ئێران له‌كاره‌كه‌ی لادرا
داوای لێبوردنیشیان كردووه
K24 - هه‌ولێر:
عێراق بڕیاریدا، باڵیۆزی خۆی له ئێران بگۆڕێت و له جێگه‌ی "راجیح موسه‌وی" كه‌سێكی دیكه بۆ ئه‌و پۆسته ده‌ستنیشان بكات.
به گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق، وێڕای داوای لێبوردن له هاووڵاتییانی عێراقی نیشته‌جێی ئێران، هه‌ڵسووكه‌وتێكی باڵیۆزیش به "نابه‌رپرسیارانه" وه‌سف ده‌كات.
به گوێره‌ی گرته‌یه‌كی ڤیدیۆییش، موسه‌وی له هۆڵێكدا، كه پێده‌چێت له‌گه‌ڵ ره‌وه‌ندی عێراقی له تاران كۆببێته‌وه، تووڕه ده‌بێت و به ئاماده‌بووان ده‌ڵێت: "زمان درێژ مه‌كه‌ن و من بچووكی ئێوه نیم".
له گرته ڤیدیۆییه‌كه‌دا، مووسه‌وی به تووڕییه‌وه بۆ ئاماده‌بووه عێراقییه‌كان ده‌ڵێت: "زمانتان درێژ مه‌كه‌ن، ئێمه‌ش شه‌هیدمان داوه و له پێناو ئێوه جه‌نگاوین ".
به‌ر له‌وه‌ی هۆڵه‌كه‌ش به‌جێبێڵێت، گوتی: "من له دادگا دادهنیشتووم، ئه‌وه ده‌وڵه‌ت و سه‌رۆك وه‌زیرانی خۆتان بڕۆنه لای".
دوای ئه‌و رووداوه‌ش ئه‌و باڵیۆزه له كاره‌كه‌ی دوورخرایه‌وه و وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق، سه‌عد جه‌واد قندیلی وه‌ك باڵیۆزی نوێی عێراق له ئێران ده‌ستنیشان كرد.
ئ. م