رووسیا دوایین هەڵوێستی لەسەر خستنە خوارەوەی فڕۆکەکەی لە سووریا راگەیاند

زانیاری هەڵە لەلایەن وڵاتێکەوە بە رووسیا دراوە

K24 – هه‌ولێر:

وەزارەتی بەرگری رووسیا هێزی ئاسمانی ئیسرائیل بە کەوتنە خوارەوەی فڕۆکە سەربازییەکەی تۆمەتبار دەکات و بە پێشلکاری رێککەوتنی نێوان هەردوو وڵاتی دەزانێت.

ئیگۆر کۆناشینکۆڤ، وتەبێژی وەزارەتی بەرگری رووسیا، لەبارەی نوێترین لێکۆڵینەوە و هەڵوێستی وڵاتەکەی لەسەر خستنە خوارەوەی فڕۆکەیەکی سەربازی رووسی لە ئاسمانی وڵاتی سووریا کە بووە هۆی کوژرانی هەر 15 سەرنشینەکەی رایگەیاند: "ئێمە بڕوامان وایە بەرپرسیارەتی تراژیدیای خستە خوارەوەی فڕۆکەکەمان دەکەوێتە ئەستۆی هێزی ئاسمانی ئیسرائیل".

لەبارەی پەیوەندی نێوان فڕۆکەوانە رووسی و ئیسرائیلییەکە پێشخستنە خوارەوەی فڕۆکە رووسیەکە، وتەبێژەکەی وەزارەتی بەرگری گووتی: "یان ئەوەتا سەرکردە سەربازییەکانی ئیسرائیل هیچ پێزانینێکیان بۆ پەیوەندی نێوان رووسیا و ئیسرائیل نییە، یاخود ئەو سەرکردانە هیچ کۆنتڕۆڵێکیان بەسەر ئەو ئەفسەرەیاندا نەبووە کە دەیزانی کردەوەکەی دەبێتە هۆی ئەو تراژیدیایە".

وەزارەتی بەگری رووسیا، ئیسرائیل بە پێدانی زانیاری هەڵە تۆمەتبار دەکات و پێیوایە: "پێدانی زانیاری هەڵە دەربارەی ئەو ناوچانەی ئیسرائیل بۆردومانی دەکردن، رێگایان بە فڕۆکە رووسیەکە نەداوە بۆ ناوچەیەکی سەلامەت رێڕەوی بگۆڕێت".

رووسیا پێشی وایە ئەو کارەی ئیسرائیل پێچەوانەی رێککەوتنی ساڵی 2015 ـی هەردوولایە لەبارەی هێرشی ئاسمانی لە سووریا.

رۆژی سێشەممەی رابردوو 18/09/2018،  وەزارەتی بەرگری رووسیا، هەواڵی خستنە خوارەوەی فڕۆکەیەکی رووسی بە مووشەکی سووپای سووریا بڵاوکردەوە و هۆکارەکەشی بۆ هێرشی فڕۆکەکانی ئیسرائیل بۆ چەند ناوچەیەکی شاری لازیقییەی سووریا گەڕاندەوە.

H.J