پارێزەرەکەی ترەمپ باس لە وادەی کۆتایی هێنان بە دەسەڵاتی ئێران دەکات
"شۆڕشێکی سەرکەوتوو لە ئێران روودەدات"
K24 – ههولێر:
رودی گیولیانی، پارێزەری تایبەتی دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمەریکا رایگەیاند، سزاکانی سەر ئێران دەبێتە هۆی داڕمانی ئابووری و "شۆڕشێکی سەرکەوتوو" لە ئێران.
بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی رۆیتەرز، گیولیانی لە دیدارێکدا بە ناوی "راپەڕینی ئێران" کە لەلایەن رێکخراوی کۆمەڵگەکانی ئێران- ئەمەریکا رێکخرابوو، رایگەیاندووە: "من نازانم کەی لەسەر کار لایان دەبەین. رەنگە چەند رۆژ، مانگ یاخود ساڵ بخایەنێت، بەڵام ئەوە هەر روودەدات".
رودی گیولیانی لە دیدارەکەی کە لەشاری نیویۆرک رێکخرابوو دەشڵێت: "خەڵکی ئێران چیدیکە ئەمە قبووڵ ناکەن، سزاکان کاری خۆیان دەکەن، دراوەکەیان هیچ نرخێکی نامێنێت، ئەمەش ئەو هۆکارانەنن کە دەبنە هۆی شۆڕشێکی سەرکەوتوو".
ئەم لێدوانەی پارێزەرەکەی ترەمپ، پێچەوانەی لێدوانی فەرمی حکوومەتی ئەمەریکایە کە پێشتر رایگەیاندبوو ئەوان کار بۆ گۆڕینی رژێمی ئێران ناکەن بەڵکو تەنها دەیانەوێت "رەفتاری" کۆماری ئیسلامی ئێران بگۆڕن.
بڕیارە تشرینی دووەمی ئەمساڵ، واشنتن بەشی دووەمی سزاکانی بەسەر ئێراندا بسەپێنێت کە کەرتی نەوت و وزە دەگرێتەوە.
H.J