كاندیدی پارتی بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆمار ئاشكرا بوو
K24 - هه‌ولێر:
میدیا عێراقییه‌كان بڵاویانكردووه‌ته‌وه، فوئاد حوسێن، كه پێشتر سه‌رۆكی دیوانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان بووه، كاندیدی پارتی دیموكراتی كوردستانه بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆمار.
هه‌ندێك له میدیا عێراقییه‌كان، ئاماژه‌یان به‌وه‌ش كردووه، ناوی كاندیده‌كه‌ی پارتی بۆ سه‌رۆك كۆمار، گه‌یشتووه‌ته ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران، به‌ڵام تا ئێستا پارتی به فه‌رمی ئه‌و زانیارییانه‌ی پشتڕاست نه‌كردووه‌ته‌وه.
بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌و هه‌واڵانه له میدیا عێراقییه‌كان له‌كاتێكدایه، نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان به سه‌ردانێك له به‌غدایه و دوای سه‌ردانه‌كه‌ش، یه‌كێتی نیشتمانی كوردستان له راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاشكرای كرد، ئه‌وانیش له‌لایه‌ن خۆیانه‌وه به ته‌نیا كار بۆ كاندیده‌كه‌ی خۆیان ده‌كه‌ن، كه به‌رهه‌م ساڵحه.
پۆستی سه‌رۆك كۆمار ماوه‌ی 12 ساڵه پشكی كورده و له‌ناو كوردیش به‌ر یه‌كێتی كه‌وتووه، له سه‌ره‌تاوه جه‌لال تاڵه‌بانی سكرتێری گشتی ئه‌و حزبه له‌و پۆسته‌دا بوو تا نه‌خۆشكه‌وتنی له ساڵی 2012، دواتریش فوئاد مه‌عسووم له جێگه‌یدا، وه‌ك سه‌رۆككۆمار ده‌ستنیشان كرا.