رووسیا چۆنێتی خستنه‌خواره‌وه‌ی فڕۆكه‌كه‌ی بڵاوكرده‌وه
به‌ر مووشه‌كی سووریا كه‌وتووه
K24 - هه‌ولێر:
دوای چه‌ند رۆژێك له لێدوان و تۆمهتگۆڕینهوه، ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه 23/9/2018 وه‌زاره‌تی به‌رگری رووسیا یه‌كه‌م گرته‌ی ڤیدۆیی به شێوه‌ی سێ ره‌هه‌ندی بۆ روونكردنه‌وه‌ی چۆنێتی خستنه خواره‌وه‌ی فڕۆكه‌كه‌ی له‌لایه‌ن به‌رگری ئاسمانی سووریاوه بڵاوكرده‌وه كه له بنه‌ڕه‌تدا ئامانجیان ئه‌وه بووه مووشه‌ك ئاراسته‌ی فڕۆكه‌كانی ئیسرائیل بكه‌ن.
له‌و ڤیدیۆیه‌دا فڕۆكه رووسییه‌كه به ره‌نگی سوور و فڕۆكه‌كانی ئیسرائیلیش ره‌نگی شین دیاریكراون.
به‌گوێره‌ی گرته ڤیدیۆییه‌كه، فڕۆكه رووسییه‌كه به مووشه‌كێكی سووری خراوه‌ته خواره‌وه له‌و كاته‌ی به‌ره‌و رووی فڕۆكه‌كانی ئیسرائیل روویشتووه، به‌ڵام مووشه‌كه‌كه به‌ر فڕۆكه رووسییه‌كه ده‌كه‌وێت و به 15 سه‌رنشینه‌وه ده‌كه‌وێته ناو ده‌ریاوه و فڕۆكه‌كانی ئیسرائیلیش به سه‌لامه‌تی ده‌گه‌ڕێنه‌وه شوێنه‌كانی خۆیان.
ئه‌وه له كاتێكدایه وه‌زاره‌تی به‌رگری رووسیا سه‌ركۆنه‌ی ئیسرائیلی كرد و تۆمه‌تی خستنه‌خواره‌وه‌ی فڕۆكهكهیانی ده‌دایه پاڵ ته‌لئه‌ڤیڤ.
وه‌زاره‌تی به‌رگری رووسیا ئه‌مڕۆ رایگه‌یاندبوو: "فڕۆكه‌یه‌كی شه‌ڕكه‌ری ئیسرائیلی به ئاسمانی پارێزگای لازقیه‌ی كهناراویی به ماوه‌یه‌كی كه‌م پێش پێكرانی فڕۆكه رووسییه‌كه به مووشه‌كی سووریا به ئه‌نقه‌ست سوڕاوه‌ته‌وه".
وه‌زاره‌تی به‌رگری رووسیا ده‌ڵێت: "ئیسرائیل پێشتر ئێمه‌یان له چوونه ئاسمانی ئه‌و فڕۆكانهیان ئاگادارنهكردووهتهوهو ته‌نها گوتوویانه له باشووری سووریا ده‌بین نه‌ك باكوور وه‌ك ئه‌وه‌ی كردیان".
ئیگۆر كناشینكۆڤ، گوتهبێژبێژی وه‌زاره‌تی به‌رگری رووسیا گوتوویه‌تی: "ئه‌و هه‌ڵسوكه‌وتانه‌ی فڕۆكه‌وانه ئیسرائیلییه‌كه له‌و كاته‌دا كردوویه‌تی، یان نه‌بوونی توانای پیشه‌یی بووه یان كه‌مته‌رخه‌می نواندووه".