هێرشی ئیدلب لەسەر تورکیا وەستاوە

تورکیا دەبێت گروپە چەکدارەکان ناچار بکات خۆیان بەدەستەوە بدەن

K24 – هه‌ولێر:

لە ئێستادا، رێککەوتنی نێوان رووسیا و تورکیا، هێرشی حکوومەتی سووریای بۆ سەر شاری ئیدلب راگرتووە بەڵام گومان هەیە لەوەی ئەنکەرە بتوانێت وا لە گروپە جیهادییەکان بکات کە گوێڕایەڵی بن.

رۆژی دووشەممە رابردوو، رووسیا و تورکیا لەسەر ئەوە رێککەوتن کە ناوچەیەکی دامێڵدراوی سەربازی بە دەوری ئیدلبدا دروستبکەن، بەوەی ئەو شارە دواین پێگەی چەکدارە یاخییەکانە و نزیکەی سێ ملیۆن هاووڵاتی تێدا دەژی.

لە راپۆرتێکیدا، ئاژانسی فرانس24 ئاشکرای دەکات، زۆر سەختە تورکیا بتوانێت وا لە گروپە جیهادییەکانی ئیدلب بکات لەماوەی چەند هەفتەیەکدا چەکە قورسەکانیان بدەن بەدەستەوە.

فابریس بالانش، شارەزا لە سیاسەتی سووریا،  لەو بارەیەوە دەڵێت: "من تێناگەم چۆن تورکیا دەتوانێت نیازەکانی خۆی بەسەر ئەو گروپە جیهادییانە بسەپێنێت".

فابریس دەشڵێت: "جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنە سەختە و لە ئەگەری شکستهێنانی، سوپای سووریا هێرشەکانی بۆ سەر ئیدلب دەستپێدەکات".

بەگوێرەی رێککەوتنەکە، دەبێت گروپە جیهادییەکانی وەک تەحریر ئەلشام و چەند گروپێکی دیکە، تا 15ی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ، لە رێگای دروستکردنی "رێڕەوێکی ئارام" شاری ئیدلب بەجێبهێڵن و پێش ئەوەش چەکە قورسەکانیان بەدەستەوە بدەن.

نەک تەنها ئەم گروپە جیهادییانە، بەڵکو دەبێت تەواوی گروپە ئۆپۆزسیۆن و یاخییەکان، بەوانەوەشەوە کە تورکیا پشتگیریان دەکات، تا 10ی تشرینی یەکەم چەکەکانیان رادەستی سوپای سووریا بکەن.

ئەو شوێنانەی کە بڕیارە بکرێنە ناوچەی ئارام، 70%ی خاکەکەی لە ژێر کۆنتڕۆڵی گروپە جیهادییەکانە، روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤیش ئاشکرایکردووە، لە دوای رێککەوتنی رووسیا و تورکیا، ئەو گروپە جیهادییانە پێگەی خۆیان قایمتر کردووە لەوەی نیازیان هەبێت سووریا جێبهێڵن.

رۆژی شەممە، گروپی جیهادی حوراس ئەلدین، رەتیکردەوە بچێتە ژێر باری رێککەوتنی نێوان رووسیا و تورکیا، بەڵام ئەوەی تا ئێستا وەڵامی نەبووە، گروپی تەحریر ئەلشامە، کە گەورەترین گروپی جیهادییە لە ئیدلب.

بەڵاپ پێشتر سەرۆکی ئەو رێکخراوە، ئەبو مەحەمەد ئەلجۆلانی رایگەیاندبوو، باسکردن لە چەکی دەستی چەکدارەکانی، "هێڵی سوورە".

شارەزا ساسییەکە پێیوایە: "ئەگەر تەحریر شام هێڵەکانی بەرگری چۆڵبکات، ئەوا زۆر لاواز دەبن بەجۆرێک هەرکاتێک سوپای سووریا بیەوێت لەناویان دەبات".

ئەوەی هێشتا روونەبۆتەوە ئەوەیە، ئایا دوای چۆڵکردنی ئیدلب، ئەو چەکدارانە بۆ کوێ دەگوازرێنەوە و ئایا هیچ وڵاتێک هەیە ئەم جۆرە مرۆڤانە وەربگرێت؟

رووسیا ئێستا چاوەڕێی هەنگاوەکانی تورکیایە، کە رەنگە ئەنکەرە دۆستەکانی خۆشی لەو ناوچەیە پێ قایل نەکرێت نەک گروپە جیهادییەکان، بەڵام لەئەگەری شکستی تورکیا لە قایلکردنی ئەو گروپانە بە خۆ بە دەستەوەدان، ئەوا ئەو جەنگەی کە کارەساتی مرۆیی گەورە بەدوایخۆیدا دەهێنێت دەستپێدەکات.

H.J