یەکێتی ئەوروپا دڵی ئەمەریکا دەشکێنێت
"هاوشێوەی رووسیا و چین، ئەوروپا دژی سزاکانی سەر ئێرانە"
K24 – ههولێر:
لە میانی بەڕێوەچوونی کۆڕی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە شاری نیویۆرکی ئەمەریکا، چەند وڵاتێکی ئەوروپی و رووسیا بڕیاریاندا "پەرە بە کەناڵێک بۆ ئاسانکردنی شێوازی پارەدان بە کەلوپەلی هاوردەکراوی ئێرن (نەوتیش دەگرێتەوە) بدەن".
بەریتانیا، چین، فەرەنسا، ئەڵمانیا، رووسیا و یەکێتی ئەوروپا، پەیامێکی هاوبەشیان لەبارەی سزاکانی ئێران لەلایەن ئەمریکاوە بڵاوکردەوە و تیایدا ئەو وڵاتانە دەڵێن: "هەستکردن بە بەرپرسیارەتی و پێویستی بۆ ئەنجامێکی بەردەست، بەشداربوان پێشوازیان لە پاراستن و گەشەدان بە کەناڵی پێدانی پارە کە ناسراوە بە (ئێس پی ڤی) کرد، مەبەست لەوەش ئاسانکردنی مامەڵەی داراییە لەگەڵ کەلوپەلی هەناردەکراوی ئێران بە نەوتیشەوە".
ئەو گروپە دەشڵێن :"ئەوان دەیانەوێت ئازادی ئابووری خۆیان بپارێزن تاکو بتوانن بازرگانییەکی یاسایی لەگەڵ ئێران بکەن".
دوای ئەوەی ئەمەریکا لە رێککەوتننامەی ئەتۆمی ئێران کشایەوە، بەشێکی سزاکانی بۆ سەر کۆماری ئیسلامی گەڕاندەوە، بڕیاریشە لە تشرینی دووەمی ئەمساڵ، واشنتن بەشی دووەمی سزاکان کە کەرتی نەوتیش دەگرێتەوە بەسەر ئێراندا بسەپێنێت، بەڵام پێدەچێت هاوشێوەی رووسیا و چین، یەکێتی ئەوروپا هەماهەنگی ئەمەریکا نەبێت تاکو ئەو سزایانە کاریگەری تەواوی خۆیان هەبێت.
H.J