ترەمپ هێرشی تووند دەکاتە سەر دەسەڵاتدارانی ئێران

"سەرکردەکانی ئێران سامانی وڵاتەکەیان دەدزن و خۆیانی پێ دەوڵەمەند دەکەن"

K24 – هه‌ولێر:

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، لە کۆڕی گشتی نەتەوە یەکگرووەکان لە شاری نیویۆرک هێرشیکردە سەر ئێران و  بە دەوڵەتی "ئاژاوەگێڕ، مەرگ و وێرانکەر" ناویبرد.

لەمیانی پێشکەشکردنی وتارێکییدا، ترەمپ بەرگری لە کشانەوەی لە رێککەوتننامەی ئەتۆمی کردووە و رایگەیاند: "سەرکردەکانی ئێران تۆوی ئاژاوەگێڕی، مردن و وێرانکاری دەچێنن".

گووتیشی: "ئەوان رێز لە سنوور و سەروەری درواسێکانیان ناگرن. سەرکردەکانی ئێران سامانی وڵاتەکەیان دەدزن و خۆیانی پێ دەوڵەمەند دەکەن، جیا لەوەش، توندوتیژی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و شوێنەکانی دیکەش بڵاودەکەنەوە".

لای خۆیەوە، حەسەن رۆحانی، وەڵامی لێدوانەکانی ترمپی دایەوە و رایگەیاند، ئەمەریکا دژایەتی رژێمی ئێران دەکات و بە "سزایەکەی نایەکسانانە" هەڕەشە لە کۆماری ئیسلامی دەکات.

دوێنێش لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر، رۆحانی رەتیکردەوە ئێران سپۆنسەری تیرۆر بێت، بەڵکو دژی گروپە تیرۆرستییە جیاوازەکان جەنگاوە.

بڕیارە لە تشرینی دووەمی ئەمساڵ، ئەمەریکا بەشی دووەمی سزاکان کە کەرتی نەوت و وزە دەگرێتەوە بەسەر ئێراندا بسەپێنێت.

سەرچاوە: بی بی سی

H.J