ئه‌مه‌ریكا به‌ پڕۆژه‌ ‌بڕیارێك رێگری له‌ ده‌ستێوه‌ردانه‌كانی ئێران ده‌كات له‌ عێراق

هه‌وڵه‌كانی ئه‌مه‌ریكا به‌رده‌وامه‌

K24- هه‌ولێر:

لێژنه‌ی كاروباری ده‌ره‌وه‌ له‌ كۆنگرێسی ئه‌مه‌ریكا، پڕۆژه‌ بڕیاری رێگریكردن له‌ ده‌ستێوه‌ردانه‌كانی ئێران له‌ كاروباری ناوخۆی عێراق په‌سه‌ند كرد.

كۆنگرێس ئه‌مه‌ریكا له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا، جه‌خت له‌سه‌ر سه‌پاندنی سزا به‌سه‌ر ژماره‌یه‌ك له‌و كه‌سایه‌تییه‌ ئێرانیانه‌شدا ده‌كاته‌وه‌، كه‌ "هه‌ڕه‌شه‌یان بۆ سه‌ر سه‌قامگیری عێراق هه‌یه‌".

بیل رویس، سه‌رۆكی لێژنه‌ی كاروباری ده‌ره‌وه‌ له‌ كۆنگرێس گوتی: "بڕیارنامه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی كۆنگرێس رێگه‌ به‌ ئه‌مه‌ریكا ده‌دات ئێران و میلیشیاكانی به‌و چالاكییه‌ قیزه‌وه‌نانه‌ تۆمه‌تبار بكات، كه‌ له‌ عێراق ئه‌نجامیده‌ده‌ن".

هه‌روه‌ها گوتی: "ئه‌و میلیشیایانه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی گه‌وره‌یان بۆ سه‌ر گه‌لی عێراق و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق هه‌یه‌، به‌تایبه‌ت دوای ئه‌وه‌ی به‌ر له‌ چه‌ند رۆژێك چه‌كدارانی ئه‌و میلیشیایانه‌ چه‌ند گوللـه‌هاوه‌نێكیان ئاراسته‌ی باڵیۆزخانه‌ی ئه‌مه‌ریكا له‌ به‌غدا كردبوو".