ڤیدیۆی ساتی دەستگیرکردنی گروپێکی تیرۆرستی لە هۆڵەندا بڵاودەکرێتەوە

سەرۆکی گروپەکە خەڵکی عێراقە و نیازی ئەنجامدانی کاری تیرۆرستیان هەبووە

K24- هه‌ولێر:

دوێنێ پێنجشەممە، حەوت تیرۆرست کە نیازی ئەنجامدانی چەندین کردەوەی تیرۆرستیان هەبووە، لە وڵاتی نێزەرلاندس(هۆڵەندا) دەستگیرکران.

بەگوێرەی هەواڵێکی رۆژنامەی تایمز، ئەو گروپە تیرۆستییە لە شاری ئارنێم کە بە 100 کیلۆمەتر دەکەوێتە باشووری شاری ئەمستردام دەستگیرکراون.

دەزگای هەواڵگیری شارەکە ئاشکرایکردووە، سەرۆکی ئەو گروپە تیرۆرستییە خەڵکی عێراقە و بە "هەردی ئێن" ناویهێندراوە.

سایتی مێترۆ ئاشکرایکرووە، ئەو گروپە نیازیان هەبووە کردەوەی تیرۆرستی و خۆکوژی لەناو هۆڵەندا ئەنجامبدەن و هەوڵیشیانداوە  پشتێنەی بۆمبڕێژکراو و چەکی "کڵاشینکۆف" بەدەستبخەن.

لەو گرتە ڤیدیۆیەی بڵاوکراوەتەوە دەردەکەوێت، پۆلیس بە چەکی قورسەوە هێرشدەکەنە سەر یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکانی ئەو گروپە و چەند کەسێکییان لێ دەستگیردەکەن.

H.J