ئێران هەڕەشەیەکی نوێ لە ئەمەریکا دەکات

باس لە بنکە سەربازییەکانی ئەمەریکا دەکات

K24- هه‌ولێر:

وتاربێژی کاتی رۆژی هەینی تارانی پایتەختی ئێران هۆشداری دەداتە ئەمەریکا بەوەی هێرشدەکەنە سەر بنکە سەربازییەکانی ئەگەر بێت و ئەمەریکا "شتێکی هەڵە بکات".

بەگوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی میزان، ئایتوڵڵا محەمەدعەلی موەحیدی کرمانی، سیاسەتمەدار و وتاربێژی کاتی رۆژی هەینی تارانی پایتەختی ئێران ، لەبارەی ناکۆکییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ ئەمەریکا رایگەیاندووە: "ئەگەر ئەمەریکا هەرشتێکی هەڵە بکات، بنکەکانیان لە دەوری ئێران بە سەلامەتی نامێننەوە".

بەگوێرەی داتاکانی پێنتاگۆن، 54 هەزار سەربازی ئەمەریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست خزمەتدەکەن. هەروەها ئەمەریکا بنکەی سەربازی لە وڵاتانی میسر، ئیسرائیل، لوبنان، سووریا، تورکیا، ئوردن، عێراق، کوەیت، سعوودییە، یەمەن، عومان، قەتەر و بەحرەین هەیە.

لە ئایاری ئەمساڵ، ئەمەریکا لە رێککەوتننامەی ئەتۆمی ئێران کشایەوە و بەهۆیەوە گرژی کەوتۆتە نێوان هەردوو وڵات، بڕیاریشە لە تشرینی دووەمی ئەمساڵ واشنتن بەشی دووەمی سزاکانی بەسەر تاراندا بسەپێنێت.

لە دواین هەڵوێستیشدا، دۆناڵد ترەمپی سەرۆکی ئەمەریکا، رۆژی چوارشەممە لە شاری نیویۆرک و لە میانی بەڕێوەچوونی کۆڕی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند، واشنتن نیازی هەیە سزای تووندتر بەسەر ئێراندا بسەپێنن.

‌H.J