یەکێتی ئەوروپا و ئێران دژی ئەمەریکا هەنگاودەنێن
رێکارەکانی دژ بە ئابڵووقەکانی ئەمەریکا ئاشکرا دەکەن
K24 – ههولێر:
ئێران و ئەوروپا دەیانەوێت رێرەوێکی بازرگانی پێش سەپاندنی بەشی دووەمی سزاکان ئەمەریکا بەسەر ئێراندا دروستبکەن تاکو هەردوولا بتوانن بەردەوامی بە مامەڵە بازرگانییەکانیان بدەن.
رۆژی دووشەممەی پێشوو، فرێدریکا مۆگێرینی، بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا، لە میانی بەڕێوەچوونی کۆڕی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئەمەریکا، دڵنیایی دایە ئێران و رایگەیاند پێش هاتنی تشرینی دووەمی ئەمساڵ، یەکێتی ئەوروپا و ئێران لەسەر مێکانیزمێکی هاوبەش رێکدەکەون کە تایبەتە بە ئاسانکردنی پرۆسە گواستنەوەی پارە و بازرگانیکردن.
لای خۆشیەوە، سەید عەباس عەراقچی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران، لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی ئیرنا ئاشکرایکرد: "بەگوێرەی دانوستانمان لەگەڵ ئەوروپییەکان، مێکانیزمی هاوبەشی بانکی و گواستنەوەی پارە پێش سەپاندنی سزاکانی ئەمەریکا بەکاردەخرێت".
ئەوروپا سوورە لەسەر ئەوەی دەست بە رێککەوتننامەی ئەتۆمی ئێرانەوە بگرێت و خۆی بە دوور بگرێت لە ئابڵووقەکانی سەر تاران، بەڵام دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، دوپاتیکردۆتەوە کە 4ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ، بەشی دووەمی سزاکانی بەسەر ئێراندا دەسەپێنێت.
ئەوەی تاکو ئێستا روون نییە ئەوەیە کە ئایا هەڵوێستی ئەمەریکا لەبارەی ئەو رێککەوتنە هاوبەشەی نێوان یەکێتی ئەوروپا و ئێران چی دەبێت.
H.J