ئێران هێرشیکردە سەر سووریا

"لە هەشت مووشەک دوانیان بەخۆیاندا تەقیوەتەوە"

K24 – هه‌ولێر:

سوپای پاسدارانی ئێران رایگەیاند، وەک وەڵامێک بۆ هێرشەکەی سەر نمایشە سەربازییەکەی شاری ئەهواز،  چەند مووشەکێکیان ئاراستەی رۆژهەڵاتی رووباری فورات لە سووریا کردووە.

بەگوێرەی هەواڵێکی سایتی ئاڕ تی رووسی، سوپای پاسداران لەسەر ئامانجی هێرشەکانیان دەڵێن: "هێرشەکە لە رێگای مووشەکی بالیستیک ئەنجامدراوە و ئامانجیش لێی ژمارەیەکی زۆر لە بارەگای تیرۆرستان بووە لە رۆژهەڵاتی رووباری فوڕات".

بەگوێرەی ئەو گرتە ڤیدیۆیانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە، سوپای پاسداران هەشت مووشەک لە شاری کرمانشانەوە ئاراستەی سووریا دەکات، بەڵام دوانیان راستەوخۆ دوای تەقاندنیان، دەتەقنەوە.

پێشتر سوپای پاسداران، بەهەمان شێوە، هێرشی کردە سەر قەڵای دیموکراتەکان لە کۆیە و ژمارەیەک ئەندامی دوو پارتی رۆژهەڵاتی کوردستانی کردە قوربانی.

لە 22ی ئەیلوول، چەند چەکدارێک هێرشیانکردە سەر نمایشێکی سەربازیی لە شاری ئەهوازی ئێران، بەهۆیەوە 30 کەس کە زۆریان سەرباز بوون کوژران و زیاد لە 60 دیکەش برینداربوون، تارانیش بە هێرشێکی تیرۆرستی ناویبرد.

H.J