ژنكوژه كۆنه‌پارێزه‌كانی عێراق كۆمه‌ڵگا ده‌ترسێنن
"شه‌ڕی كۆنه‌پارێزانه دژی پساندنی كۆتوبه‌نده نه‌ریتییه‌كان"
K24 - هه‌ولێر:
كوشتنی ژماره‌یه‌ك ژن ترسێكی گه‌وره‌ی له عێراق درووستكردووه و به‌شێك ئه‌و هێرشانه به سه‌ره‌تای شه‌ڕی كۆنه‌پارێزه‌كان دژی ئه‌و كه‌سانه ناو ده‌به‌ن كه ده‌یانه‌وێت نه‌ریته كۆنه‌كان تێكبشكێنن".
هه‌ر چه‌نده عێراق وڵاتێكه به‌ده‌ست توندوتیژییه‌وه ده‌ناڵێنێ، به‌ڵام ئه‌م جۆره توندوتیژیه‌یان تۆقێنه‌ره، ئێستا پیاوێك به ماتۆڕێكه‌وه دێته ته‌نیشت ئۆتۆمبێلێك ده‌وه‌ستێ و به سێ گوللـه تاره فارس، كچه نمایشكار و مۆدێلی عێراقی له ناوه‌ڕاستی به‌غدا ده‌كوژێت و ده‌ڕوات.
رۆژنامه‌ی گاردیانی بریتانی له راپۆرتێكدا نوسیویه‌تی: "كرده‌ی كوشتنه‌كه كه كامێرای چاودێری تۆماری كردووه، عێراقییه‌كانی تووشی شۆك كردووه و به كرده‌وه‌یه‌كی قیزه‌ون ته‌ماشای ده‌كه‌ن، چونكه ئه‌و جه‌سته‌یه‌ی له‌سه‌ر كورسی ئۆتۆمبێله‌كه شه‌ڵاڵی خوێن كراوه سیاسییه‌ك نییه، یان به‌رپرسێكی گه‌نده‌ڵ یان بكوژێك نییه، ئه‌میرێكی جه‌نگیش نییه، به‌ڵكو شاجوانێكی پێشووه‌و ته‌نها خۆی ده‌رخستووه‌و هه‌ڵوێستی خۆی به راستگۆیانه ده‌ربریوه، یه‌كێكه له‌و 4 كچ و ژنه‌ی له وڵاتی رافیده‌یندا یه‌ك له دوای یه‌ك له ماوه‌یه‌كی كه‌مدا كوژراون.
ئه‌و چوار كچ و ژنه یه‌كتیریشیان نه‌ده‌ناسی، به‌ڵام له شتێك‌دا هاوبه‌شن، ئه‌ویش ئاماده‌گییان هه‌بووه له‌ناو كۆمه‌ڵگادا و لای ژماره‌یه‌ك ئه‌ندامی ئه‌و كۆمه‌ڵگایه ده‌ركه‌وتنیان كێشه بووه و به‌و جۆره خۆشحاڵ نه‌بوون، ئه‌وانه‌ی هێشتا باوه‌ڕیان به ئازادی ئافره‌ت و هه‌ڵسوكه‌وته‌كانیان نییه و پێیانوایه ئه‌وه‌ی ئه‌و 4 خانمه كردوویانه هه‌وڵێكه بۆ ئه‌وه‌ی ئازاد بن و له كۆتوبه‌ندی نه‌ریت و كۆنه‌پارێزان بچنه ده‌ره‌وه.
به‌گوێره‌ی راپۆرته‌كه، تاره فارس له هاوسه‌ره‌كه‌ی جیابووه‌ته‌وه، ئه‌و له ته‌مه‌نی 16 ساڵاندا هاوسه‌رگیری كردبوو، به‌ڵام به ته‌نووره‌ی كورت و ماكیاژه‌وه له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان ده‌ركه‌وت و توانی 2.7 ملیۆن فۆڵۆوه‌ر له خۆی كۆبكاته‌وه، فه‌سیبووك و ئینستاگرام و یوتیوب ناسراون له عێراق و زۆر به‌كارده‌هێنرێن، به‌ڵام بۆ ئه‌وانه‌ی ده‌یانه‌وێت خه‌یاڵ و خه‌ونه‌كانیان بكه‌نه راستی و له‌وێوه نمایشی بكه‌ن، زۆر مه‌ترسیداره.
هه‌دیل مونزر، نووسه‌ری عێراقی گوتوویه‌تی: "ده‌توانین بچینه لوبنان و له‌وێ چیمان بوێت له‌به‌ری بكه‌ین، پیاوه عێراقییه‌كان له‌وێ بایه‌خ به‌و بابه‌ته ناده‌ن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر هه‌مان شت بكه‌ین له به‌غدا به كارێكی شه‌رمهێنه‌ر ناوده‌برێت، ئیتر ئه‌وه بارودۆخمانه و ئێمه ئاوا ده‌ژین".
هه‌روه‌ها گوتوویه‌تی: "تاره فارس دایكی شیعه‌ی لوبنانه و باوكی كریستیانی عێراقه، نه‌یویستووه پابه‌ندی نه‌ریته كۆنه‌كان بێت، ده‌ركه‌وتنی به‌و شێوه‌یه و به ئاشكرا وه‌ك به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی پێوه‌ره دوو رووه‌كان لێكدراوه‌ته‌وه، ئه‌و پێوه‌رانه‌ی زۆر كه‌س له عێراق سكاڵایان له‌سه‌ری هه‌یه و به‌ڵام كه‌س بوێری و ئاماده‌یی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌یانی نییه".
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: "زۆرێك له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه هاوسۆز و خه‌مباربوون بۆ كوژرانی تاره فارس و ره‌خنه‌ی زۆریان گرت، ته‌نانه‌ت فه‌رمانبه‌رێكی حكومی له كاره‌كه‌ی دوورخرایه‌وه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه به‌و ژنه‌ی گوتبوو "له‌شفرۆش".
راپۆرته‌كان ئاماژه به‌وه‌ده‌كه‌ن، كوشتنی پزیشكی جوانكاری "ره‌فیف یاسری" له مانگی ئابی رابردوو خه‌ڵكی تووشی شۆك كرد، ئه‌و به (باربی عێراق) ناسرابوو، ئه‌و له پرۆگرامه ته‌له‌ڤزیۆنییه‌كان به رێكوپێكی ده‌رده‌كه‌وت و داوای سه‌ربه‌خۆبوونی ژنانی ده‌كرد له رێگه‌ی گۆڕینی رووخساریانه‌وه".
به‌ڵام به‌رپرسانی عێراقی ده‌ڵێن: "ده‌رمانی زۆری به‌كارهێنابوو بۆیه مردووه" ره‌فیف دوای هه‌فته‌یه‌ك له ماڵه‌كه‌یدا به مردوویی دۆزرایه‌وه‌و ھێشتا هۆكاری مردنه‌كه‌شی نادیاره.
روسل كامل، چالاكوان و تایبه‌تمه‌ند به به‌دواداچوونی توندوتیژی دژی ژنان ده‌ڵێت: "ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر ئه‌و ژنانه‌دا ھێنراوه هه‌ڕه‌شه‌یه بۆ هه‌موو ئه‌و ژنانه‌ی ده‌یانه‌وێت به ئازادی بژین و دووربن له چوارچێوه نه‌ریتی و ئایینی و ئیتنییه‌كان، به‌ڕاستی مه‌ترسیداره له‌سه‌ر هه‌موومان".
قوتابییه‌كی زانكۆی به‌غدا به رۆژنامه بریتانییه‌كه‌ی گوتووه "مردنی ژنه‌كان هه‌ڵوێسته‌كان ناگۆڕن، كۆمه‌ڵگای عێراقی له ئافره‌تی دژه‌باو نابوورێ، پێشتریش ئه‌و رووداوانه‌مان بینیووه، ئارایشتگاكان ته‌قێنراونه‌ته‌وه، ته‌قه له یانه‌كانی شه‌وان كراوه، ئه‌وه‌ش په‌یامه بۆ ئه‌وه‌ی سنوور دابنێن و خه‌ڵك هه‌ڕه‌شه‌كانیان ببیسێت و هیچ كاتێك نهێنی ئه‌و تاوانكاره بكوژانه‌ش ئاشكرا نابێت و كێشه‌كانیش چاره‌سه‌ر نابن.