حکوومەتی چین هەوڵەکانی بۆ قڕکردنی بیری ئیسلامی چڕکردوەتەوە

ملیۆنەها مووسوڵمانی دەستگیرکردووە

K24- هه‌ولێر:

حکوومەتی چین فرۆشتنی تیکتی شەمەندەفەری لە رۆژئاوای چین و لە چەند شارێک راگرتووە ئەمەش بەهۆی ئەوەی ئەرکی ئەو شەمەندەفەرانە تەنها بووە بە گواستنەوەی مووسوڵمانەکان بۆ کامپەکانی "دژە تیرۆر و فێرکاری".

بەگوێرەی هەواڵێکی رۆژنامەی تایمز، نزیکەی یەک ملیۆن لە کەمینە مووسوڵمانی ئویغور لە وڵاتی چین لە پشت دیواری ئەو سەنتەر و ئۆردوگایانە بەندکراون و بەزۆر پڕۆگرامی هەڵگەڕانەوەی لە ئیسلامیان پێدەدرێت.

حکوومەتی چین ئەو تۆمەتانە رەتدەکاتەوە و دەڵێت، ئەو کەسانە بۆ راهێنان و دوورکەوتنەوە لە تووندڕەویی لەو ئۆردوگایانەن.

بەرپرسانی هێڵەکانی شەمەندەفەر لە هەرێمی سیانگیانگ لە چین رایگەیاندووە، تا 22ی ئەم مانگە فرۆشتنی تیکتی شەمەندەفەرەکان بەهۆکاری تەکنیکی دەوەستن. چاودێرانیش پێیان وایە، بەهۆی زۆری ژمارەی دەستگیرکراوە مووسوڵمانەکان، ئەو هێڵانەی شەمەندەفەر تیکت نافرۆشن و تەنها بۆ ئەوان تەرخانکراون.

رادیۆیی ئازادی ئاسیا، کە لە حکوومەتی ئەمەریکا نزیکە ئاشکرایکردووە، حکوومەتی چین دەیەوێت زیندانیان بۆ دەرەوەی شارەکانی خۆیان بگوازێتەوە تاکو پاسەوانانی سەنتەرەکان خزم و ناسیاو دەرنەچن لەگەڵ مووسوڵمانەکان و ئاڵۆزی دروست بکەن.

پێشتر ئەمەریکا حکوومەتی چینی بە تاوانی مرۆیی دەرهەق بە کەمینە مووسوڵمانەکان تۆمەتبارکردبوو، رەخنەشی لە کۆماری ئیسلامی ئێران گرتبوو بەوەی بەهۆی پەیوەندی بازرگانی لەگەڵ چین، قسە لەسەر ئەو مووسوڵمانانە ناکات.

H.J