سەدر ساڵێك مۆڵەت بە حکوومەتی نوێی عێراق دەدات

"هیچ کەسێك بۆ بوون بە وەزیر لە حکوومەتی نوێ کاندید ناکەین"

K24 - ھەولێر

سەرۆکی هاوپەیمانێتی سائیروون رایگەیاند، ساڵێك مۆڵەت بە حکوومەتی نوێ دەدات، تاوەکو رووبەڕووی گەندەڵی ببێتەوە و کارەکانی بە باشی راپەڕێنێت.

موقتەدا سەدر، سەرۆکی هاوپەیمانێتی سائیروون لە توویتێکدا نووسیویەتی، رێککەوتووین لەسەر ئەوەی کابینەی نوێی حکوومەت بە سەرۆکایەتی عادل عەبدولمەهدی بۆ ماوەی ساڵێك لەژێر چاودێری دابێت و دواتر هەڵسەنگاندن بۆ کارەکانی بکرێت.

گوتیشی، ئامانجمان لە دانانی کەسێکی بێلایەن بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی عێراق، زاڵبوونە بەسەر گەندەڵی و پێکهێنانی حکوومەتێکە کە دووربێت لە گوشاری لایەنە سیاسییەکان.

سەدر جەختیکردەوە، هیچ کەسێك لە هاوپەیمانێتییەکەی بۆ بوون بە وەزیر لەو حکوومەتە کاندید ناکات.

ئاماژەی بەوەشدا، لە ئەگەری شکستهێنانی حکوومەتی نوێی عێراق ئەوا لە دژی حکوومەت رادەپەڕن.