مێرکڵ: هەموو شتێک دەکەین تاکو ئێران نەبێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی
"بوونی سوپای ئێران لە لوبنان و سووریا مەترسین بۆ ئیسرائیل"
K24- ههولێر:
ئەنگێلا مێرکڵ، راوێژکاری ئەڵمانیا، رۆژی پێنجشەممە بە گەشتێکی دوو رۆژە گەیشتە ئیسرائیل و لەگەڵ بێنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، کۆبوەوە و باسییان لە زیاتر بە هێزکردنی پەیوەندییەکانیان کرد.
بەگوێرەی هەواڵێکی سایتی ئاڕ تی رووسی، مێرکڵ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لەبارەی چەکی ئەتۆمی ئێران رایگەیاندووە: "ئێمە بە تەواوی هاو هەڵوێستین لەگەڵ ئیسرائیل بەوەی کە دەبێت هەموو شتێک بکرێت تاکو رێگری لە ئێران بکرێت چەکی ئەتۆمی بەدەست نەهێنێت، بەڵام ئەوەی لەسەری بە تەواوی کۆک نین چۆنیەتی بەدیهێنانی ئەم ئامانجەیە".
لەلایەکی دیکەوە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە زاری راوێژکاری ئەڵمانیاوە ئاشکرایکردووە، ئەڵمانیا بوونی هێزەکانی ئێران لە سووریا و لوبنان بە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی ئیسرائیل دەزانێت.
بەهێزی پەیوەندی ئەڵمانیا و ئیسرائیل لە کاتێکدایە، نازییە ئەڵمانییەکان ملیۆنەها جوولەکەیان پاکتاوکرد و لە ئەوروپا دەربەدریکردن، لەوبارەشەوە سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل پێی وایە: "دەبێت جیهان لە ئەڵمانیا و ئیسرائیل فێربێت کە چۆن دەکرێت بەکارکردنی هاوبەشی جیهانێکی باشتر دروستبکرێت".
H.J