دووه‌م بانگهێشتنامه‌ی ده‌ره‌وه به عه‌بدولمه‌هدی ده‌گات
بانگهێشته‌كه‌ی قبووڵ كرد
K24- هه‌ولێر:
ئه‌مرۆ فاتح یڵدز، باڵیۆزی توركیا له به‌غدا سه‌دانی شوێنی مانه‌وه‌ی عادل عه‌بدولمه‌هدی، راسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكوومه‌تی عێراق له شاری به‌غدا كرد و بانگهێشتی فه‌رمی وڵاته‌كه‌ی گه‌یانده عه‌بدولمه‌هدی.
كه‌ناڵی "رووسیا توده‌ی" بڵاویكرده‌وه، "له دیداری نێوان عه‌بدولمه‌هدی و یڵدز گفتوگۆ له‌باره‌ی كێشه‌ی ئاو و پشكی عێراق له ئاوی نێوده‌وڵه‌تی و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی نێوان ئه‌نقه‌ره و به‌غدا له‌م دۆسییه‌دا كرا".
هه‌ر له‌و دیداره‌دا عه‌بدولمه‌هدی داوای له باڵیۆزی توركیا له به‌غدا كرد، ئه‌نقه‌ره هه‌وڵ بدات له‌گه‌ڵ به‌غدا ئه‌و كیشه‌یه چاره‌سه‌ر بكات، كه له دۆسیه‌ی ئاودا سه‌ریهه‌ڵداوه.
وه‌ك راشگه‌یه‌ندراوه، "دوای ئه‌وه‌ی باڵیۆزی توركیا بانگهێشتنامه‌ی وڵاته‌كه‌ی به عه‌بدولمه‌هدی گه‌یاندووه، راسپێردراوی پێكهێنانی حكوومه‌تی نوێی عێراقیش به‌ڵێنیداوه له نزیكترین ده‌رفه‌تدا سه‌ردانی توركیا بكات".
له ماوه‌ی 24 كاتژمێری رابردوودا، ئه‌مه دووه‌م بانگهێشتنامه‌ی فه‌رمی وڵاتانه بۆ عه‌بدولمه‌هدی و، دوێنێش بانگهێشتنامه‌یه‌كی هاوشێوه‌ی له شانشینی ئوردن پێگه‌یشت.
به‌ر له چه‌ند رۆژێكیش، حه‌نین قه‌دو، ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ئاشكرایكرد، پێویسته پرسی له‌شكركێشییه‌كه‌ی سوپای توركیا بۆ ناوچه سنوورییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان چاره‌سه‌ر بكرێت و پاشه‌كشه به هێزه‌كانی توركیا له‌و ناوچانه بكرێت، وه‌ك قه‌دو ئاماژه‌ی پێكرد، له رۆژانی داهاتوودا زنجیره‌یه‌ك دانیشتنی په‌رله‌مان بۆ ئه‌و مه‌به‌سته به‌ڕێوه‌ده‌چن.
H.B