سه‌در ئاكاره‌كانی حكوومه‌تی داهاتوو ده‌كێشێت
سه‌در هۆشداری له پڕكردنه‌وه‌ی پۆسته ئه‌منییه‌كان ده‌داته سه‌رۆكوه‌زیران
K24 - هه‌ولێر:
موقته‌دا سه‌در، رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در و هاوپه‌یمانی سائیروون، هۆشداری ده‌داته لایه‌نه سیاسییه‌كان له داواكردنی پۆسته ئه‌منییه‌كان و هه‌ردوو وه‌زاره‌تی به‌رگری و ناوخۆ و داواش ده‌كات، سه‌رۆكوه‌زیران ئه‌و پۆستانه له ده‌ستی خۆیدا بهێڵێته‌وه.
موقته‌دا سه‌در، له هه‌ژماری تایبه‌تی خۆی له تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ره‌وه، 6 خاڵی بۆ عادل عه‌بدولمه‌هدی، سه‌رۆكوه‌زیرانی راسپێردراو ده‌ستنیشان كردووه كه وه‌ك خۆی باسی ده‌كات "ده‌بێت ره‌چاویان بكات".
وه‌ك له خاڵی یه‌كه‌می تویته‌كه‌دا ئاماژه‌ی بۆ كراوه، پێویسته سه‌رۆكوه‌زیران، وه‌زاره‌ته‌كانی به‌رگری و ناوخۆ و پۆسته ئه‌منییه هه‌ستیارییه‌كان به شێوه‌یه‌كی تایبه‌ت له ده‌ستی خۆیدا بهێڵێته‌وه و ناشبێت هیچ لایه‌نێكی سیاسی كاندیدی بۆ ئه‌و پۆستانه هه‌بێت.
دووپاتیشی له‌وه كردووه، كه سوپا و پۆلیسی عێراق، پێویسته هاوسۆزییان ته‌نها بۆ نیشتمان بێت.
له خاڵی دووه‌م سه‌در روونیشی كردووه‌ته‌وه، ئه‌وان كه وازیان له پۆسته‌كان هێناوه و كه‌سیان بۆ كاندید ناكه‌ن، وه‌كو به‌خشینی دیارییه‌ك نه‌بووه بۆ لایه‌نه‌كان، به‌ڵكو پێویسته كه‌سانی ته‌كنۆكرات و سه‌ربه‌خۆ ئه‌و پۆستانه پڕبكه‌نه‌وه و ده‌ڵێت: "ئه‌گه‌رنا هه‌ڵوێستمان ده‌بێت".
له خاڵی سێیه‌مدا، باس له‌و پۆستانه ده‌كات، كه له ئاست وه‌زاره‌ته‌كان دان و رایده‌گه‌یه‌نێت، پێویسته وه‌ك ئه‌وه‌ی له رابردوو بووه، دووباره نه‌بێت و پێویسته به گوێره‌ی رێسا و بنه‌مای یاسایی و لۆژیكی درووست پۆسته‌كان پڕبكرێنه‌وه و ره‌چاوی دادوه‌ری و شاره‌زایی بكرێت بۆ كاندیدان و له به حزبیكردن دووربخرێنه‌وه.
له خاڵی چواره‌میشدا، سه‌در باس له كاندیدان ده‌كات و رایده‌گه‌یه‌نێت، پێویسته ئه‌وانه‌ی بۆ پۆسته‌كان كاندید ده‌كرێن، رێسا و رێكاری توندیان بۆ دابنرێت له‌وه‌ی كه ده‌بێت كه‌سانی خاوه‌ن شاره‌زایی و لێهاتوویی بن، بۆ ئه‌وه‌ی شكۆی ده‌وڵه‌ت و پاراستنی سه‌ركه‌وتنی كاره‌كان، مسۆگه‌ر بكات.
وه‌ك له خاڵی پێنجه‌می تویته‌كه‌دا هاتووه، سه‌در ئاماژه به هه‌ندێك پۆستی تایبه‌ت به لێپرسینه‌وه و نه‌هێشتنی گه‌نده‌ڵیی ده‌كات و رایده‌گه‌یه‌نێت، ده‌بێت سه‌رۆكوه‌زیران ئه‌و پۆستانه به شێوه‌یه‌كی تایبه‌ت له ده‌ستی خۆیدا بهێڵێته‌وه، ته‌نها راوێژ وه‌ربگرێت.
له خاڵی شه‌شه‌م و كۆتاییدا هاتووه: "لێژنه‌كانی په‌رله‌مان مافی هه‌مووانه، به‌ڵام ئامۆژگاری ئه‌وه ده‌كه‌م له دابهشكردنییاندا ره‌چاوی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی گه‌ل بكرێت، نه‌ك حزب و تایه‌فه و قه‌ومیه‌ت".

ئ. م