"رەخنەگری سیاسەتەکانی سعوودییە لە ئیستانبوڵ کوژراوە"
جەمال خاشقجی پێنج رۆژە بێ سەروشوێنە و سعوودییە بە کوشتنی تۆمەتباردەکرێت
K24 – ههولێر:
جەمال خاشقجی، ئەو رۆژنامەنووسە سعوودییەی پێنج رۆژ لەمەوبەر لە کونسوڵخانەی سعوودییە لە ئیستانبوڵ دیار نەما، دەنگۆی کوژرانی لەناو کونسوڵخانە بڵاودەکرێتەوە.
سەرچاوەیەکی پۆلیسی تورکیا بە ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرزی گوتووە: "زانیارییە سەرەتاییەکان وایدەردەخەن کە بەڕێز خاشقجی لەناو کونسوڵخانەی سعوودییە کوژراوە و دواتر تەرمەکەی بۆ دەرەوەی کونسوڵخانە گوازراوەتەوە".
خاشقجی یەکێکە لە رۆژنامەنووسە دیارەکانی وڵاتی سعوودیە کە رەخنەی لە دەسەڵاتدارانی وڵاتەکەی گرتووە و لە ئەمەریکا ژیاوە، رۆژی سێشەممەی رابردوو سەردانی کونسوڵخانەی سعوودییە لە تورکیا دەکات بۆ بەدەستهێنانی چەند بەڵگەیەکی پێویست تاکو بتوانێت ژیانی هاوسەرگیری پێک بهێنێت، بەڵام دوای چوونی بۆ کونسوڵخانە، دیار نەماوە.
سعوودییە کوشتنی ئەو رۆژنامەنووسەی بەدرۆخستۆتە و دەڵێت ئەو هەواڵانە بێ بنەمان، لە ئێستاشدا، ئەو وڵاتە عەرەبییە چەند لێکۆڵەرێکی ناردووە تاکو هۆکاری دیارنەمانی ئەو رۆژنامەنووسە بزانن.
پۆلیسی تورکیا ئاشکرایکردووە، لەهەمان ئەو رۆژەی جەمال چۆتە کونسوڵخانە، 15 هاووڵاتی سعوودیی بە دوو فڕۆکە گەیشتوونەتە ئیستانبوڵ و سەردانی کونسوڵخانەی سعوودییەیان کردووە و دواتریش راستەوخۆ گەڕاونەتەوە سعوودییە.
محەمەد بن سەلمان، شازادەی جێنشینی سعوودییە رایگەیاندووە، وڵاتەکەی رێگە دەدات پۆلیسی تورکیا بۆ لێکۆڵینەوە بچنە ناو کونسوڵخانەی سعوودییە لە ئیستانبوڵ، بەڵام یاسین ئەکتای، هاوڕێی جەمال و راوێژکاری سەرۆککۆماری تورکیا، لە لێدوانێکی بۆ تەلەڤزیۆنی ئەلجەزیرە گووتی: "ئێمە روونکردنەوەیەکی قایلکەرمان لە سعوودییە دەوێت، ئەوەی شازادە پێشکەشی کردووە، قایلکەر نیە".
جەمال خاشقجی رەخنەی لە سیاسەتی سعودییە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گرتووە، هەروەها دژی هەڵوێستەکانی وڵاتەکەی بووە دژی وڵاتانی کەنەدا و قەتەر. بابەتەکانی لە چەند رۆژنامەیەکی ئەمەریکی بڵاوکراوەتەوە کە یەکێک لەوان واشنتن پۆست بووە.
لە ساڵی 2017 لە باسی ژیانی، ئەو رۆژنامەنووسە سعوودییە نووسیویەتی: "من ماڵەکەم، خێزانەکەم و کارەکم جێهێشتووە، دەنگم بەرزکردەوە. گەر وا نەکەم خیانەت لەوانە دەکەم کە ئێستا لە زیندانن، من دەتوانم قسەبکەم بەڵام زۆر کەسی دیکە نا".
H.J