ئێران شەڕی ملکەچنەبوون دەکات

شیکەرەوەیەک باس هێرشی ئەمەریکا و بەرگری ئێران دەکات

K24 – هه‌ولێر:

سزاکانی سەر ئێران رەنگە زیان بە ئابووری کۆماری ئسیلامی بگەیەنێت، بەڵام ئەوەی ئەمەریکا دەتوانێت ئامانجەکانی بپێکێت و گۆڕنکاری لە رەفتارەکانی ئێراندا بکات هێشتا روون نییە.

جۆن بۆڵتن، راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریکا لەدواین لێدوانیدا لەبارەی سیاسەتی ئەمەریکا بەرامبەر بە ئێران رایگەیاند، ئامانجی ئەمەریکا گۆڕینی رەفتاری ئێرانە نەک رووخاندنی.

ئیمیلی هاوسرۆن، شیکەرەوەی رەوشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا لە کۆمپانیای ستراتفۆر لە ئەمەریکا پێیوایە، گۆڕینی رەفتاری کۆماری ئیسلامی زۆر سەختە و ئێران تەنها کاتێک ئامادەیە قسە لەسەر ئەوە بکات کاتێک هیچ بژاردەیەکی دیکەی نییە.

ئیمیلی پێیوایە ئەمەریکا بەدوای رێککەوتنێکی نوێ لەگەڵ ئێراندا دەگەڕێت و دەڵێت: "ئێران هەموو رێگایەک دەگرێتەبەر و پەنا بۆ هاوپەیمانەکانی دەبات لە ناوچەکە تاکو خۆی بە دوور بگرێت لە دانیشتن لەگەڵ ئەمریکا، چونکە ئەوان وابیردەکەنەوە کە واشنتن دانوستانێکییان لەگەڵ ناکات کە بۆ ئەوان قایلکەر بێت".

ئەو شیکەرەوە سیاسییە دەشڵێت: "واشنتن لەوە تێگەیشتووە، رێککەوتنی ساڵی 2015 لەگەڵ ئێران نەیتوانیوە رێگری لە سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی بکات و میلیشیا و مووشەکەکانی لەناوچەکە بڵاوە پێنەکات، بۆیە ئێستا ئیدارەی ترەمپ بەدوای رێککەوتنێکی بەهێزتر دەگەڕێت، رێککەوتنێک چالاکییەکانی تاران لە ناوچەکە سنووردار بکات".

بڕیارە مانگی داهاتوو، بەشی دووەمی سزاکان کە کەرتی نەوت و وزە دەگرێتەوە بەسەر ئێراندا بسەپێت، ئامانجیش لەمە گۆڕینی رەفتاری کۆماری ئیسلامییە، بەڵام لە ئەگەری شکستی ئەمەریکا لەم ئامانجە، واشنتن یان دەبێت خۆی بەدەستەوەبداتو دوور بکەوێتەوە یاخود دەبێت بژاردەی کاریگەرتر بگرێتە بەر.

سەرچاوە : سی ئێن بی سی

H.J