چەکدارە یاخییەکانی ئیدلب کشانەوە

رووسیا و تورکیا سنووری ناوچەی سەلامەتیان دیاریکرد

K24 – هه‌ولێر:

چەکدارە یاخییەکانی شاری ئیدلب تەواوی چەکە قورسەکانیان لەو ناوچەیە کشاندەوە کە تورکیا و رووسیا لەسەری رێککەوتن و بە ناوچەی لە چەک داماڵراو ناویانبرد.

بەگوێرەی هەواڵێکی رۆژنامەی حوریەتی تورکی، ئەمڕۆ دووشەممە، سێرگی ڤێرنشین، جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا، رێککەوتنی رووسیا و تورکیای لەبارەی سنوورەکانی ئەو ناوچە سەلامەتە بڵاوکردەوە و دوا بە دوای ئەوەش، چەکدارە یاخییەکان چەکە قورسەکانیان کشاندەوە.

هەر لەبارەی ئەو هەواڵە، سایتی سپۆتنیکی رووسی نووسیویەتی: "نوێنەرە سەربازییەکانی رووسیا و تورکیا چەند جارێک چاویان بەیەک کەوتووە تاکو گەیشتوونەتە ئەو رێککەوتننە".

ئیدلب دواین پێگەی چەکدارە یاخییەکانی سووریایە کە ماوەی حەوت ساڵە شەڕی سوپاکەی ئەسەد دەکەن، بۆ دەرکردنیان لەوێش، سوپای سووریا بە هاوکاری رووسیا نیازی هەبوو هێرشبکاتە سەر شاری ئیدلب، بەڵام تورکیا رێگری لەو هێرشە کرد و لەگەڵ رووسیا لەسەر خۆ بەدەستەوەدانی بەشێک لە چەکدارەکانی ناو ئیدلب رێککەوتوون.

H.J