سه‌در هه‌ڕه‌شه‌ له‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق ده‌كات

سه‌در: كاتی ئه‌وه‌یه‌ دزه‌كان سزا بدرێن

K24- هه‌ولێر:

موقته‌دا سه‌در، رێبه‌ری ره‌وتی سه‌در دووپاتیكرده‌وه‌، "له‌ رابردوودا حزب و لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان به‌شی خۆیان له‌ پۆست و پله‌ وه‌رگرتووه‌ و بڕێكی زۆری سه‌روه‌تی وڵاتیشیان خستووه‌ته‌ گیرفانیانه‌وه‌"، روونیشیكرده‌وه، "ئێستا كاتی سزادانی ئه‌وانه‌یه‌ كه‌ سه‌روه‌تی عێراقیان دزیوه‌".

سه‌در ئه‌م قسانه‌ی له‌ تویتێكدا له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی تویته‌ر كردوویه‌تی و جه‌ختی كرده‌وه‌، "ماوه‌ی 15 ساڵ حزبه‌ سیاسییه‌كان به‌ شه‌رعی یاخۆد ناشه‌رعی سه‌روه‌تی وڵاتیان بردووه‌" و پرسیاریش ده‌كات، "ئایا ئه‌مه‌ به‌س نییه‌؟".

سه‌در له‌ تویته‌كه‌یدا نووسیویه‌تی: "ئه‌و رۆژگاره‌ به‌سه‌رچوو كاتێك حزبه‌كان خاوه‌ن پشكی پۆست و پله‌ بوون و سه‌روه‌ت و سامانی وڵاتیان ده‌خسته‌ گیرفانه‌كانیان، ئێستا كاتی ئه‌وه‌یه‌ گه‌ل مافی خۆی له‌ڕێگه‌ی كه‌سانی سه‌ربه‌خۆ و ته‌كنۆكراته‌وه‌ وه‌رگرێته‌وه‌، هه‌وره‌ها كاتی ئه‌وه‌یه‌ سزای هه‌موو ئه‌و كه‌سانه‌ بده‌ین، كه‌ سه‌روه‌تی عێراقیان دزیوه‌ و ئاستی به‌رژه‌وه‌ندی و ده‌ستپاكی به‌رز بكه‌ینه‌وه‌، هه‌مدیسان كاتی ئه‌وه‌یه‌ دوور له‌ ده‌سه‌ڵاتی حزبه‌كان گه‌ل به‌ مافه‌كانی بكات و كاتی ئه‌وه‌یه‌ هاووڵاتی به‌رامبه‌ر وڵات له‌ به‌رزترین ئاستدا ئه‌ركی نیشتیمانی خۆی جێبه‌جێ بكات و ده‌ست له‌ به‌رژه‌وه‌ندی حزبایه‌تی، چینایه‌تی، مه‌زهه‌بیه‌ت، ناوچه‌گه‌ری، هۆزایه‌تی، خێزانی و كه‌سایه‌تی هه‌ڵگرێت".

سه‌در گوتیشی، "ئێستا كاتی ئه‌وه‌یه‌ نیشتمان و هاووڵاتی بخرێته‌ سه‌رووی هه‌موو ئینتیمایێكه‌وه‌".

ئه‌م تویته‌ی سه‌در دوای ئه‌وه‌ هاتووه‌، ماوه‌ی چه‌ند رۆژێكه‌، عادل عه‌بدولمه‌هدی سه‌رۆكی راسپێردراو بۆ حكوومه‌تی داهاتووی عێراق بۆ پێكهێنانی حكوومه‌ت راسپێردراوه‌ و فشاره‌كانیش بۆ كاندیدكردنی كه‌سانی ته‌كنۆكرات بۆ پۆستی وه‌زاره‌ته‌كان زیاتر بوونه‌.

به‌ر له‌ چه‌ند رۆژێكیش موقته‌دا سه‌در داوای له‌ عادل عه‌بدولمه‌هدی كردبوو، له‌ پێكهێنانی حكوومه‌تی داهاتوو پۆسته‌ ئه‌منییه‌كان له‌ژێر كۆنترۆڵی خۆیان بهێڵێته‌وه‌ و كاندیدی هیچ لایه‌نێكی سیاسی بۆ ئه‌و پۆستانه‌ قبووڵ نه‌كات.

H.B