هەرێمی باڤاریا سزای مێرکڵی دا

دەنگدەران لە هەرێمی باڤاریا دژی پەنابەران دەنگیاندا

K24 – هه‌ولێر:

پارتی یەکێتی سۆشیاڵ کریستیانی دەسەڵاتدار لە هەرێمی باڤاریا  کە هاوپەیمانی سەرەکی پارتەکەی ئەنگێلا مێرکڵی راوێژکاری ئەڵمانیایە، لە هەڵبژاردنی دوێنێی پەرلەمانی باڤاریا لە ئەڵمانیا دووچاری شکستێکی گەورە بوو.

پارتەکەی مێرکڵ، یەکێتی دیموکراتی کریستیان، لەگەڵ پارتی یەکێتی سۆشیاڵ کریستیان لە دوای جەنگی جیهانی دووەممەوە لە زۆربەی جومگە سیاسییەکانی ئەڵمانیا رۆڵی سەرەکییان هەبووە.

دەستە خووشکەکەی پارتەکەی مێرکڵ لە هەڵبژاردنی هەرێمی باڤاریا تەنها 37.2%ی دەنگەکانی بەدەستهێناوە و پارتەکانی دیکە توانیویانە سەرکەوتنی گەورەتر بەدەستبهێنن.

هۆکاری ئەو شکستە گەورەی پارتە دەسەڵاتدارەکەی باڤاریا بۆ ئەوە دەگەڕێتەو، لە ساڵی 2015 هاوشانی پارتەکەی مێرکڵ، پێشوازی لە ملیۆنەها پەنابەرکرد و دەرگای هەرێمەکەی بۆ کردنەوە.

شکستی هاوپەیمانەکەی مێرکڵ لە هەرێمی باڤاریا، کێشە بۆ حکوومەتی زۆرینەی ئێستا دروست دەکات کە ماوەی سێ مانگی خایاند تا پێکهێندرا.

ئالیس وێیدێل، سەرۆکی پارتی راستڕەوی ئەی ئێف دی، کە دژە پەنابەران و 10.2% دەنگەکانیان بەدەستهێناوە، لە دوای ئاشکراکردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکان گووتی: "ئەوەی دەنگی بە ئێمە داوە مانای وایە دەیەوێت مێرکڵ بڕوا. دەبێت سیاسەتی نوێ لەم وڵاتە پەیڕەو بکرێت."

گووتیشی: "بارودۆخی حکوومەتە زۆرینەکەی مێرکڵ خۆی چەند مانگێکە خراپە، دوای ئەم هەڵبژاردنە خراپتریش دەبێت".

H.J