خه‌دیجه بۆ جه‌مال په‌رێشانه
ده‌ستگیرانه‌كه‌ی جه‌مال هه‌ستی خۆی بۆ گیان له ده‌ستدانی خاشقچی ده‌رده‌بڕێت
K24 - هه‌ولێر:
دوای راگه‌یاندنی مردنی جه‌مال خاشقچی، رۆژنامه‌نووسی دیاری سعوودی، له‌لایه‌ن داواكاری گشتی سعوودیه‌وه، خه‌دیجه جه‌نگیز، ده‌ستگیرانه توركه‌كه‌ی خاشقچی له تویته‌ره‌وه خه‌م و فرمێسكه‌كانی خۆی نه‌شارده‌وه‌و نووسی: "دڵم خه‌مباره و فرمێسك له چاوم ده‌بارێت، جه‌مالی خۆشه‌ویستم دابڕانی تۆ خه‌مباری كردووم".
رۆژی 2/10/2018 كاتێك جه‌مال خاشقچی چووه ناو كونسوڵخانه‌ی وڵاته‌كه‌ی له ئیسته‌نبوڵ بۆ ئه‌وه‌ی به‌ڵگه‌نامه بۆ هاوسه‌رگیریكردنی وه‌ربگرێت و نه‌گه‌ڕایه‌وه، خه‌دیجه جه‌نگیز له ده‌ره‌وه چاوه‌ڕوانی ده‌كرد، به‌ڵام ئیتر چاوی به جه‌مال نه‌كه‌وته‌وه تا دره‌نگانی شه‌وی رابردوو دڵنیابوو كه گیانی به ده‌ستداوه.
خه‌دیجه له تویتێكی دیكه‌دا له تویته‌ره‌وه به‌و بۆنه‌یه‌وه ده‌ڵێت: "خوا ره‌حمت پێبكات جه‌مالی خۆشه‌ویستم، شوێنت فیرده‌وسی باڵا بێت له‌گه‌ڵ گه‌وره‌ی شه‌هیدان حه‌مزه‌دا".
داواكاری گشتی سعوودیه به فه‌رمی گیانله‌ده‌ستدانی جه‌مال خاشقچی، رۆژنامه‌نووسی سعوودی راگه‌یاند و گووتی: "له كاتی چوونه ناو كونسوڵخانه‌ی سعوودیه له ئیستانبوڵ، له‌گه‌ڵ كارمه‌نده‌كانی ئه‌وێ تووشی شه‌ڕه ده‌ست و كێشه بووه‌ته‌وه‌و به‌و هۆیه‌وه مردووه. 18 كه‌سیش به‌تۆمه‌تی بوونی په‌یوه‌ندییان به‌و رووداوه‌وه ده‌ستبه‌سه‌رن و له‌ژێر لێكۆڵینه‌وه‌دان.