له‌ كه‌ركووك پێكدادانی چه‌كداری له‌گه‌ڵ دژه‌ تیرۆری عێراق روویدا

بۆ ده‌ستگیركردنی چه‌ند داواكراوێك بووه‌

K24 - كه‌ركووك:

هێزێكی دژه‌ تیرۆری عێراق، له‌ كاتی ده‌رچوونییان بۆ ده‌ستگیركردنی چه‌ند داواكراوێك، له‌ باشووری كه‌ركووك و نزیك (شه‌ریكه‌ تاریق) تووشی پێكدادانی سه‌ربازی بوون.

په‌یامنێری كوردستان 24 له‌ كه‌ركووك رایگه‌یاند، کەمێک پێش ئێستا دژە تیرۆری عێراقی به‌ مه‌به‌ستی دەستگیرکردنی سێ داواکراو چوونه‌ته‌ نزیكه‌ شەریکە تارق باشووری کەرکووك، بەڵام ڕووبەڕوبوونەوەى چه‌كداری درووستبووە و یەکێک لە داواکراوەکان بەبرینداری دەستگیرکراوە.

به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌كان ئەفسەرێکی دژه تیرۆری عێراقییش بریندارە، گەڕان و پشکنینیش لەو ناوچەیە بەردەوامە و بەدوای ئەو دوو داواكراوه‌كه‌ی دیکەدا دەگەڕێن.

له‌ دوای 16ی ئۆكتۆبه‌ری 2017ه‌وه‌، شاری كه‌ركووك و ناوچه‌ كوردستانییه‌كان، له‌ رێككه‌وتنی ژێر به‌ژێری چه‌ند به‌رپرسێكی دیار، راده‌ستی میلیشیاكانی حه‌شد و هێزه‌ عێراقییه‌كان كرا، به‌ڵام تا ئێستا نه‌توانراوه‌ سه‌قامگیری بۆ شاره‌كه‌ و ته‌واوی پێكهاته‌كانی بگه‌ڕێندرێته‌وه‌.

ئ. م