سزای 3 ساڵ زیندانیی بەسەر ئەفسەرێکی خانەنشینکراودا سەپێندرا
ئەمڕۆ یەکشەممە، 4ـی تشرینی یەکەمی 2026، دەستەی دەستپاکی فیدراڵی رایگەیاند، دادگای تاوانەکانی رەسافە کە تایبەتە بە دۆسیەکانی دەستپاکی، سزای سێ ساڵ زیندانی بەشیوەی ئامادەنەبوون بۆ حەیدەر هاشم، ئەفسەری خانەنشینکراو دەرکردووە.
دادگا بەپێی ماددەی 19/سێیەمی یاسای دەستەی دەستپاکی و دەستکەوتی نایاسایی ژمارە 30ـی ساڵی 2011ـی هەموارکراو بڕیاریداوە، حەیدەر هاشم دەستکەوتە نایاساییەکانی کە بڕەکەی 2 ملیار دینارە، بگەڕێنێتەوە.
هاوکات بەپێی مادەی 19/چوارەمی هەمان یاسا، دادگا سزایەکی دارایی هاوتای بڕی دەستکەوتە نایاساییەکەی بەسەر ئەو ئەفسەرە خانەنشینکراوەدا سەپاندووە.
دەستەی دەستپاکی روونیکردەوە، بڕیارەکەی دادگا دەستبەسەرداگرتنی موڵک و سامانە گوازراو و نەگوازراوەکانی حەیدەر هاشم دەگرێتەوە. هەروەها دوای ئەوەی بڕیارەکە پلەی کۆتایی وەردەگرێت، دەستەکە مافی هەیە داوای قەرەبووی زیانەکان بکات.
هەر ئەمڕۆ یەکشەممە، دەستەی دەستپاکی فیدراڵ لە راگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، یاریدەدەری بەڕێوەبەری کۆگای دانەوێڵەی ئیسحاقییان دەستگیرکرد، ئاماژەی بەوەشکرد، تۆمەتبارەکە جووتیارانی ناچارکردووە بەرتیلی پێ بدەن، ئەمەش وەک مەرجێک بۆ وەرگرتن و ساخکردنەوەی بەرهەمی گەنمی جووتیاران لەو کۆگایەدا.
دەستەی دەستپاکی روونیکردەوە، تۆمەتبارەکە دەستکاریی جۆرەکانی گەنمی کردووە و گەنمی کوالێتی نزم و تێکەڵ بە خاشاکی وەرگرتووە. تۆمەتبارەکە لەبەردەم لێکۆڵەران دانی بەوەداناوە کە پارەی وەرگرتووە و لەگەڵ ژمارەیەک جووتیار رێککەوتووە بۆ ساخکردنەوەی چەند بارهەڵگرێک گەنم و گۆڕینی پلەبەندیی جۆرەکانیان، ئەوەش لە بەرامبەر وەرگرتنی بڕە پارەیەکدا.