ئارام قادر بە 244 دەنگ بووە سەرۆکی هاوپەیمانی

زۆرینەی دەنگەکانی بەدەستهێنا

K24- هه‌ولێر:

ئارام قادر یەکێک لە دامەزرێنەرانی هاوپەیمانی نیشتیمانی کە پێشتر یەکێک لە سەرکردەکانی کۆمەڵی ئسیلامی بوو بە دەنگی 244 ئەندامی کۆنگرەی هاوپەیمانی لە کۆی 350 بەشداربووی کۆنگرەکە وەک سەرۆکی نوێی هاوپەیمانی نیشتیمانی هەڵبژێردرا.

ئەمڕۆ لە شاری هەولێر هاوپەیمانی نیشتیمانی کە پێشتر ناوی هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری بوو و لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ ناوەکەی گۆڕا، سەرۆکی نوێی هەڵبژارد.

ئارام قادر لە دوای هەڵبژاردنی وەک سەرۆک لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "هاوپەیمانی لە بارودۆخێکی زۆر دژواردایە و دەمانەوێت قۆناغی رابردوو جێبهێڵین".

دوای جیابوونەوەی بەرهەم ساڵح لە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان، لەگەڵ چەند سیاسییەکی دیکەی کوردستاندا، هاوپەیمانی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری دامەزراند، بەڵام بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆمار، جارێکی دیکە بەرهەم ساڵح گەڕایەوە ناو یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و هاوپەیمانی بێ سەرۆک کرد.

هاوپەیمانی خاوەن دوو کورسییە لە پەرلەمانی عێراق، بەڵام لە پەرلەمانی کوردستان هیچ کورسییەکی بەدەست نەهێنا.