کەشناسی هەرێم: پلەکانی گەرما نزم دەبنەوە
لە رۆژی سێشەممە، 6ـی تشرینی یەکەمی 2026، کاریگەریی نزمەپاڵەپەستۆی دەریای سوور روو لە ناوچەکەمان دەکات و لە کاتەکانی دوای نیوەڕۆوە بارانبارین دەست پێدەکات.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانی، سەرەتا سنووری پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ بە نمەباران کاریگەریی ئەم نزمەپاڵەپەستۆیە لەخۆ دەگرن، پاشان بارانبارینەکە بۆ شێوەی مامناوەند لەگەڵ هەورەبرووسکە دەگۆڕێت.
لە قۆناخێکی دیکەدا، کاریگەریی بارانبارین و هەورەبرووسکە بەرەو سنووری ناوچە شاخاوییەکانی پارێزگای هەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران درێژ دەبێتەوە. هەروەها ئەگەری بارانبارینی پچڕپچڕ لە سەنتەری پارێزگاکان و قەزا و ناحیەکانی تەواوی ناوچەکەمان لە ئارادایە.
لەسەر ئاستی کەشوهەوای ناوچەکە، پێشبینی دەکرێت خێرایی با لە سنووری پارێزگای هەولێر و کەرکووک و بەشێک لە ئیدارەی گەرمیان بۆ سەرووی 30 کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا بەرز ببێتەوە، ئەمەش ئەگەری بەرزبوونەوەی تۆز و خۆڵ لەو ناوچانە زیاد دەکات.
بە گشتی پلەکانی گەرما بە چەند پلەیەک روو لە نزمبوونەوە دەکەن. بەگوێرەی پێشبینییەکان، لە بەرەبەیانی چوارشەممە کاریگەریی ئەم نزمەپاڵەپەستۆیە کۆتایی دێت.