رۆیتەرز: ئەمەریکا چاوی لە نەوتی کەرکووکە

سەرکەوتنی سزاکانی سەر ئێران لەسەر هەناردەی نەوتی کەرکووک وەستاوە

K24 – هه‌ولێر:

نەوتی کەرکووک بۆتە بەشێکی گرنگی سەرکەوتنی سزاکانی ئەمەریکا دژ بە ئێران لە عێراق، ئەمەش وایکردووە واشنتن بیەوێت هەناردەی نەوتی کەرکووک دەستپێبکاتەوە و رێگاکەشی هەرێمی کوردستان بێت.

بە گوێرەی راپۆرتیکی ئاژانسی رۆیتەرز، عێراق چاوی لەوەیە رێژەی هەناردەی نەوت بۆ 8.5 ملیۆن بەرمیلی رۆژانە زیاد بکات بەجۆرێک یەک ملیۆن بەرمیلی لە کەرکووکەوە بێت.

بۆچی نەوتی کەرکووک گرنگە؟

ئەگەر بێت و کەرکووک رۆژانە 300 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە بکات، ئەوا ساڵانە بڕی 8 ملیار دۆلار داهاتی دەبێت، بەڵام بەهۆی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، ئێستا جیا لەوەی بڕێک لەو نەوتە بۆ ئێران دەنێردرێت، نەتواندراوە سوود لە داهاتی ئەو نەوتە وەربگیرێت.

ئەمەش لە کاتێکدایە، ئەمەریکا دەیەوێت نەوتی کەرکووک جارێکی دیکە هەناردەی بازاڕەکان بکرێتەوە، تاکو کەمکردنەوەی هەناردەی نەوتی ئێران کاریگەری ئەوتۆ لەسەر بازاڕی نەوت لە جیهان نەکات.

گفتوگۆکانی هەولێر و بەغدا

لە ئێستادا دەستپێکردنەوە بە هەناردەی نەوتی کەرکووک لەسەر گفتوگۆکانی نێوان هەولێر و بەغدا وەستاوە کە ئەمەریکا فشاری رێککەوتن لە هەردوولا دەکات، بەڵام گەر بەغدا بیەوێت ئەو کارە بکات دەبێت هاوشێوەی کوردستان رێککەوتن لەگەڵ کۆمپانیای رۆزنەفتی رووسی بکات.

ئەگەر بێت و گفتوگۆکانی نێوان هەولێر و بەغدا شکست بهێنێت، ئەوا دەبێت عێراق بۆری نەوتی دیکە دروستبکات کە لانیکەم دوو ساڵی پێویستە تا تەواو دەبن.

بۆرییە نەوتییەکانی کوردستان کە رۆزنەفت سەرپەرشتی دەکات ئێستا رۆژانە 400 هەزار بەرمیل نەوت هەناردە دەکەن، بەڵام توانایان هەیە رۆژانە بڕی یەک ملیۆن بەرمیل هەناردە بکەن.

بەرپرسانی بەغدا ئێستا نەوتی کەرکووک بۆ پاڵاوگەکان دەنێرن بۆیە ئەگەر نەوتەکە جارێکی دیکە لە رێگای کوردستان هەناردە بکرێتەوە، سەرەتا دەتواندرێت تەنها 100 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا هەناردە بکرێت.

ئەگەرچی ئێران رەنگە دژی ئەو هەوڵە بێت، بەڵام ئەمەریکا بە عێراقی گوتووە کە لێخۆشبوونی لە سزاکانی ئێران کاتییە، بۆ ئەوەش عێراق دەبێت خۆی لە نێوان واشنتن و تاران یەکلا بکاتەوە.

H.J