ناتۆ پلانی داهاتووی لە عێراق و سووریا ئاشکرا دەکات

"تا جەنگی داعش تەواو دەبێت، شەڕی کورد و تورکیا وەستاوە"

K24 – هه‌ولێر:

رێکخراوی ناتۆ دوپاتی دەکاتەوە کە بەردەوام دەبن لە راهێنانکردن بە هێزە عێراقییەکان و پشتگیریکردن لە هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە).

کریستۆفەر گیکا، جێگری فەرماندەی هێزە ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی هاوپەیمانان لەبارەی ئەرکی داهاتووی هاوپەیمانان لە عێراق رایگەیاند: "ناتۆ پابەند دەبێت بە راهێنانکردن بە هێزە عێراقییەکان چونکە هێشتا شانەکانی داعش لە چەند ناوچەیەکی عێراق چالاکی دەکەن".

ناتۆ نیازی هەیە ساڵی داهاتوو کار بۆ بەهێزکردنی سوپای عێراق بکات و هەروەها زانکۆیەکی سەربازیی بکاتەوە تاکو سەربازەکان جیا لە ئەزموونی جەنگ، ئەزموونی ئەکادیمیشیان هەبێت.

لەبارەی هەسەدەش، دەڵێت: "هێزەکانی هەسەدە دەستیان بە هێرشەکانیان بۆ سەر چەکدارانی داعش لە شارۆچکەی ئەلتەنەف دەستپێکردۆتەوە، ژمارەی داعش لەو ناوچەیە 1500 بۆ 2000 چەکدارە".

ئەو بەرپرسە سەربازییە بەریتانییە نایشارێتەوە کە هەسەدە بەهۆی هێرشەکانی تورکیا، هێرشەکانیان بۆ سەر داعش وەستاندبوو، دەشڵێت: "وەستانی گرژییەکان (نێوان هەسەدە و تورکیا) خزمەت بەهەموو لایەک دەکات چونکە رێگامان دەدات سەرنج بخەینە سەر جەنگی شکستهێنان بە داعش".

بە گوتەی کریستۆفەر، ئەو چەکدارانەی داعش کە ئێستا شەڕی هەسەدە دەکەن، زۆر توندڕەو و سەرسەختن چونکە هیچ شوێنێکیان نییە بۆی هەڵبێن کاتێک دووچاری شکست دەبن.

سەرچاوە: میلیتەری

H.J