سەرۆك بارزانی و جێنشینی ئەبوزەبی بارودۆخی ناوچەكە تاوتوێ دەكەن
دوایین پێشهات و گۆڕانكارییەكان ئاڵۆگۆڕ كرا
K24 - ھەولێر
سەرۆك مەسعود بارزانی و شێخ محەمەد بن زاید ئال نهیان جێنشینی ئەبوزەبی لە دیدارێكدا بارودۆخی ناوچەكەیان تاوتوێكرد و جێنشینی ئەبوزەبی، خۆشحاڵیی خۆی بۆ سەردانی سەرۆك بارزانی، بۆ بەغدا و بەرەوپێشڤەچوونی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا دەربڕی.
وێبسایتی سەرۆك بارزانی بڵاویكردەوە، لەسەر بانگهێشتی فەرمیی جێنشینی ئەبوزەبی سەرۆك بارزانی بە یاوەریی شاندێك سەردانی ئیماراتی یەكگرتووی عەرەبی كردووە و رۆژی یەكشەممە 25/11/2018 لە ئەبوزەبی لەگەڵ شێخ محەمەد بن زاید ئال نهیان جێنشینی ئەبوزەبی و جێگری فەرماندەی هێزە چەكدارەكانی ئیماراتی یەكگرتووی عەرەبی كۆبۆوە.
لەو كۆبوونەوەیەدا كە مەسروور بارزانی، راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی كوردستان و ئازاد بەرواری ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستانیش ئامادەی بوون، بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەكە و پەیوەندییەكانی هەردوولا تاوتوێ كرا و بیروڕا لەبارەی دوایین پێشهات و گۆڕانكارییەكان ئاڵۆگۆڕ كرا.
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا جێنشینی ئەبوزەبی خۆشحاڵیی خۆی بۆ سەردانی سەرۆك بارزانی بۆ بەغدا و بەرەوپێشڤەچوونی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا راگەیاند و ئامادەیی خۆی بۆ هاوكاری و هەماهەنگی بە مەبەستی پێشكەوتنی پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا نیشاندا و هاوكاتیش ئامادەیی خۆی بۆ پێشكەشكردنی هاوكاری و هەماهەنگی بۆ مەبەستی بەرەوپێشچوونی سەقامگیریی لە ناوچەكە بە گشتی دەربڕی.