ئیسرائیل لێکۆڵینەوە لە فڕۆکەوانانی خاوەن رەگەزنامەی دووەم دەکات عێراقیشیان تێدایە
ئیسرائیل لێکۆڵینەوە لە فڕۆکەی وڵاتان دەکات
میدیاکانی ئیسرائیل بڵاویان کردەوە، دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە لێکۆڵینەوەیەکی ورد دەکەن، سەبارەت بە گومانی نیشتنەوەی ژمارەیەک فڕۆکەوان لە فڕۆکەخانەی "بن غوریۆن" لە چەند ساڵی رابردوودا، کە خاوەنی رەگەزنامەی دووەمن و یەکێک لە رەگەزنامەکانیان دەچێتە خانەی "وڵاتانی نەیار"ـەوە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی "کەناڵی 12"ی ئیسرائیلی، لێکۆڵینەوەکان چڕ کراونەتەوە لەسەر ئەو گومانەی کە فڕۆکەوانانی هەڵگری رەگەزنامەکانی ئێران، سووریا و عێراق توانیویانە لەو ماوەیەدا لە ئیسرائیل بنیشنەوە.
راپۆرتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، ئیسرائیل لیست و ناوی فڕۆکەوانەکانی لە کۆمپانیای هێڵی ئاسمانیی "فلاي دبی" وەرگرتووە، بەڵام بۆیان دەرکەوتووە کە ئەو لیستانە پێشتر بە شێوازی پێویست پشکنینی ئەمنی بۆ نەکراون.
هەر لەم چوارچێوەیەدا، راپۆرتەکە ئەوەشی خستووەتەڕوو کە دەسەڵات و لایەنی نێودەوڵەتیی دیکە هاوکاریی ئیسرائیل دەکەن بۆ چارەسەرکردن و کۆنتڕۆڵکردنی ئەم درزە ئەمنییە.
شایەنی باسە، ئەم بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە ئەمنییە توندانە دوای ئەوە دێن کە رووداوێک لە گەشتی ژمارە (FZ1073)ی کۆمپانیای "فلاي دبي" کە بەرەو تەلئەڤیڤ بەڕێکەوتبوو، تۆمار كرا.