عێراق؛ 12 ملیۆن قوتابی روو لە ناوەندەکانی خوێندن دەکەن

ئەمڕۆ ساڵی نوێی خوێندن لە عێراق بە بەشداریی 12 ملیۆن قوتابی دەستپێدەکات. بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکان لە وەزارەتی پەروەردەی عێراق گوتی: ژمارەی قوتابخانەکان زیاترە لە 124 هەزار قوتابخانە.

حەیدەر فاروق، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکان لە وەزارەتی پەروەردەی عێراق رایگەیاند، یەکشەممە، 4ـی تشرینی یەکەمی 2026، ساڵی نوێی خوێندنی 2026-2027 بە بەشداریی 12 ملیۆن قوتابی دەستپێدەکات.

بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکان لە وەزارەتی پەروەردەی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، ژمارەی قوتابییانی پۆلی یەکەمی سەرەتایی زیاترە لە 1 ملیۆن و 200 هەزار قوتابی، هەروەها ژمارەی قوتابخانەکانیش زیاترە لە 124 هەزار قوتابخانە.

حکوومەتی عێراق دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندنی زیاتر لە 10 رۆژ دواخست، هۆکارەکەشی بۆ نەبوونی چاپی نوێی کتێبەکان گەڕاندەوە.

هاوکات هەر ئەمڕۆ زەنگی دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندنی کوردی لە کەرکووک لێ دەدرێت، لە کاتێکدا خواست لەسەر فێربوون بە زمانی دایک گەیشتووەتە لوتکە.

کامەران عەلی، بەڕێوەبەری خوێندنی کوردی لە کەرکووک بۆ کوردستان24 ئاشکرای کرد، زیاتر لە 104 هەزار قوتابی لەناو 562 قوتابخانە و باخچەدا، لە لایەن 8 هەزار و 200 مامۆستا و فەرمانبەرەوە پێشوازییان لێ دەکرێت.

حکوومەتی هەرێمی کوردستان تەواوی پێداویستییەکانی دابین کردووە و ئەویش لە رێگەی دابینکردنی 1 ملیۆن و 200 هەزار کتێب و کەرەستەی خوێندنەوە، ژینگەیەکی لەباری بۆ پرۆسەی پەروەردە لە کەرکووک رەخساندووە.

تۆمارکردنی رێژەی سەرکەوتنی 82%ـی قۆناخی سەرەتایی و بەدەستهێنانی پلە یەکەمەکانی سەر ئاستی عێراق، وای کردووە لێشاوێکی بەرچاو لە خوێندنی عەرەبییەوە بەرەو پۆلەکانی خوێندنی کوردی بێنە کایەوە؛ هەنگاوێک کە سەلمێنەری توانستی بەرز و ئاستی پێشکەوتووی زانستیی ئەم ناوەندە پەروەردەییانەیە.