سەرۆکی باندێکی فێڵکردن لە سلێمانی دەستگیرکرا

لە زۆربەی بنکە و بەشەکانی پۆلیسی سلێمانی فەرمانی دەستگیرکردنی هەبووە""

K24- هه‌ولێر:

پۆلیسی سلێمانی باندێکی فێڵکردن و دزینی پارە دەستگیر دەکەن کە هەزارەها دۆلاریان لە هاووڵاتیان بە فێڵ وەرگرتووە و دواتر لە قوماردا دۆڕاندوویانە.

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بڵاویکردەوە، دووبرا بە ناوەکانی (ب. ح. ا) و (ن. ح. ا) نزیکەی 150 هەزار دۆلاریان بە فێڵ لە خاوەنکار و بەڵێندەران وەرگرتووە و دواتر پارەکەیان بەهەدەر داوە، پێشتریش باندێکی شەش کەسی بەهەمان تۆمەت دەستگیر کرابوون.

دەقی بڵاوکراوەکەی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی:

تۆمەتبار (ب. ح. ا) دانیشتوی قەزایەکی سەر بەشاری سلێمانیەو چەن جارێک فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچووە لەسەر ئەوەی بەچەند فێڵێکی جیاجیا دەستی خاوەنکارو بەڵێندەرەکانی بڕیوە لەبواری کڕینی نەوت و سوتەمەنی و خۆراک ،  بەبڕی جیاواز پارەی ئەو خاوەنکارو بەڵێندەرانەی خواردوە کەهەرجارێک کەمتر نەبوە لە 30- 50 هەزار دۆلار، خۆی وەک سەرۆکی باندەکە کاری کردوەو چەند تۆمەتبارێکی لەدەور بون کە کاریان بۆ کردوە، وە لە پێشتردا توانراوە باندەکەی کە لە شەش تۆمەتبار پێکهاتبوو دەستگیر بکرێن، کە بۆ وەرگرتنی پارەو حەواڵەکان پێناسی تەزویرو ناوی جیاجیایان بەکارهێناوە.

جێی ئاماژەیە تۆمەتباری ناوبراو زیاتر لە ۳۰ فەرمانی دەستگیرکردنی هەبوەو خۆی لەهێزەکانی پۆلیس شاردبۆوە، بۆیە بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بنکەی پۆلیسی سەرچنارو کوردسات و نەهێشتنی تاوانی بەکرەجۆی ڕاسپارد هەستن بە کۆکردنەوەی زانیاری وردو بەدواداچون بۆ تۆمەتباری ناوبراو، وە توانرا لە بەرواری 23- 11- 2018 لەسنوری قەزای دوکان دەستگیربکرێ لەگەڵ برایەکیدا بەناوی (ن. ح. ا) کە ئەویش فەرمانی دەستگیرکردنی هەبووە.

لەئێستادا هەردوو تۆمەتبار بە فەرمانی بەڕێز دادوەر بەندن، شایەنی باسە لە زۆربەی بنکەو بەشەکانی پۆلیسی سلێمانی فەرمانی دەستگیرکردنی هەبوە بە شارەکانی تری هەرێمی کوردستانەوە، وە بەوتەی تۆمەتباری لای سەرەوە سەرجەم ئەو پارانەی لە قومارکردندا دۆڕاندوە، کە مەزەندەی دەکات بە زیاتر لە 150 هەزار دۆلار.

H.J