به‌به‌ڵگه‌.. رێكخراوی مافی مرۆڤ داوای دادگاییكردنی راكان جبووری ده‌كات

مافی مرۆڤ: راكان جبووری سوودی له‌ غیابی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای كه‌ركووك وه‌رگرتووه‌

K24- هه‌ولێر:

له‌ به‌یاننامه‌یه‌كی، رێكخراوی مافی مرۆڤی عێراقیدا كه‌ كۆپییه‌كی بۆ كوردستان 24 ناردووه و تایبه‌ته‌ به‌و پێشێلكاریانه‌ی راكان جبووری، پارێزگاری سه‌پێندراوی كه‌ركووك له‌و شاره‌ ئه‌نجام ده‌دات، به‌تایبه‌ت هێرشكردنه‌ سه‌ر باره‌گای رێكخراوه‌كه‌یان‌، دووپاتكراوه‌ته‌وه‌، "له‌ سه‌رپێچییه‌كی ناده‌ستووری و نایاساییدا و له‌ چوارچێوه‌ی پێشێلكردنی ده‌سه‌ڵات و بڕیاره‌كانی ساڵی "1970"، راكان جبووری، پارێزگاری كه‌ركووك به‌ وه‌كاله‌ت له‌ به‌رواری 13/11/2018 فه‌رمانێكی كارگێڕی ژماره‌ 9822 بۆ هه‌ڵكوتانه‌ سه‌ر باره‌گاكه‌مان ده‌ركردووه‌ و قوفل و ده‌رگا و په‌نجه‌ره‌ی باره‌گاكه‌یان شكاندووه‌ و ده‌ستی به‌سه‌ر كه‌لوپه‌له‌كاندا گرتووه‌".

هه‌روه‌ها جه‌ختیش كراوه‌ته‌وه‌، " له‌كاتی هێرشه‌كه‌دا بۆ سه‌ر باره‌گای رێكخراوه‌كه‌مان، به‌ پاساوی نایاسایی و به‌ هێزی چه‌ك هه‌ڕه‌شه‌یان له‌ پاسه‌وانانی باره‌گاكه‌ كردووه‌ و به‌زۆر وه‌ده‌ریان ناون و زۆربه‌ی كه‌لوپه‌له‌كانیشیان له‌ناوبردووه‌‌".

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی به‌یاننامه‌كه‌دا ئاماژه‌ به‌وه‌ دراوه‌، "ئه‌و پێشێلكاری و سه‌رپێچیه‌ نایاساییانه‌ی له‌ شاری كه‌ركووك ده‌كرێن و غیابی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگا له‌ چاودێریكردنی ئیداری، ده‌رفه‌تی به‌ راكان جبووری داوه‌ سوود له‌ پله‌ی وه‌زیفی و پۆسته‌ ئیداری و په‌رله‌مانییه‌كه‌ی وه‌ربگرێت، بۆئه‌وه‌ی هه‌ژموونی گه‌نده‌ڵكاران فراوان بكات و یاری به‌ سه‌روه‌تی گه‌ل بكات".

رێكخراوی مافی مرۆڤ له‌ به‌یاننامه‌كه‌یدا دووپاتیكردووه‌ته‌وه‌، "له‌كاتێكدا ئێمه‌ له‌و جۆره‌ ره‌فتار و پێشێلكاراییانه نیگه‌رانین ،كه‌ پێچه‌وانه‌ی یاسا و ده‌ستوورن، ئێمه‌ به‌رپرسیارێتی ته‌واوی ئه‌و كرده‌وانه‌ و پاراستنی باره‌گاكه‌مان و كه‌ل و په‌ل و به‌ڵگه‌كانمان ده‌خه‌ینه‌ ئه‌ستۆی راكان سه‌عید جبووری، پارێزگاری كه‌ركووك به‌ وه‌كاله‌ت".

هه‌روه‌ها ئه‌و رێكخراوه‌ داوای له‌ رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تی، ناوخۆیی، خۆجێییه‌كان و لایه‌نی په‌یوه‌ندیداری عێراقی كردووه‌، "ده‌ستبه‌جێ ئه‌و پێشێلكارییه‌ نایاساییانه‌ بوه‌ستێنرێن و جبووریش له‌كاره‌كه‌ی دووربخرێته‌وه‌ و رووبه‌ڕووی لێپێچینه‌وه‌ی یاسایی بكرێت"، هاوكات داوای پێكهێنانی لێژنه‌یه‌كی تایبه‌ت به‌ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌و بابه‌ته‌ی كردووه‌ و جه‌ختی كرده‌وه‌ "هه‌رگیز له‌ مافه‌ یاسایی و ئیدارییه‌كانی خۆمان خۆش نابین".

دوای رووداوه‌كانی 16ی ئوكتۆبه‌ر و هێرشی حه‌شدی شه‌عبی بۆ سه‌ر كه‌ركووك و كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ له‌ كه‌ركووك و ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم، به‌ فه‌رمانی حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆك وه‌زیری پێشووی عێراق، راكان جبووری وه‌ك پارێزگاری سه‌پێندراو بۆ ئه‌و شاره‌ ده‌ستنیشانكرا و فه‌رمانی ده‌ستگیركردنیش بۆ پارێزگاری پێشوو و سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگا و سه‌رجه‌م ئه‌ندامه‌ كورده‌كانی ئه‌نجوومه‌ن ده‌ركرا، به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ ده‌سه‌ڵاتی كورد له‌و شاره‌ نه‌ما و دۆخی ئه‌منی و سه‌قامگیری ئه‌و شاره‌ به‌ته‌واوه‌تی داڕووخا، رۆژانه‌ هه‌ڵده‌كوترێته‌ سه‌ر ماڵی هاووڵاتیان و هه‌موو ئه‌و لایه‌ن و پێكهاتانه‌ی پێچه‌وانه‌ی ئه‌وان بیر ده‌كه‌نه‌وه‌.

H.B