كەسێك لە بازگەی سەنگاو كوژرا
كەسێكی دیكەش بریندارە
K24 - سلێمانی
بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە بازگەی سەنگاوی سەر بە قەزای چەمچەماڵ تەقە لە ئۆتۆمبێلێك دەكرێت، كەسێك لەناو ئۆتۆمبێلەكە گیانی لەدەستداوە و كەسێكی دیكەش بریندارە، كەسوكاری كوژراوەكەش دەڵێن، ھێزەكانی بازگە تەقەیان لێكردوون و داوای لێكۆڵینەوەیان لەلایەن پەیوەندیدارەكان كردووە.
عەبدوڵڵا حەمە سەعید، ئامۆزای كوژراوەكە بە كوردستان24 راگەیاند: "بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەماڵ ئەحمەد كە ئامۆزای منە لەگەڵ دوو كەسی دیكە كاتێك بە ئۆتۆمبێل دەگەنە بازگەی سەنگاو لەلایەن ئەو ھێزانەی لە بازگەكەن دەستڕێژی گولـلەیان لێكراوە، لە ئەنجامدا شەماڵ گیانی لەدەستداوە و كەسێكی دیكەش برینداربووە".
گوتیشی: "داوامان لەلایەنە پەیوەندیدارەكان كردووە لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە بكەن و ئەو ھێزانەی لە بازگەكەن روونكردنەوە لەبارەی رووداوەكە بدەن".
ئاشكراشی كرد: "بازگەكە چەند ھێزێكی جیاوازی لێیە، كە پێكھاتوون لە ئاسایش و پێشمەرگە و پۆلیسی دارستان، ھەموو ئەو ھێزانە خۆیان لە رووداوەكە بێبەری دەكەن و دەڵێن ئێمە تەقەمان نەكردووە، بەڵام لەناو بازگە جگە لە ئەوان كەس ناتوانێ تەقە بكات".
ئاماژەی بەوەشدا: "شەماڵ ئەحمەد ئەو كەسەی كە كوژراوە پێشتر كێشەی كۆمەڵایەتی لەگەڵ ھیچ كەسدا نەبووە".